کوردستانی

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەكتەبی سیاسی یەكێتیی روونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە
مەودا میدیا-

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان لە روونكردنەوەیەكدا وەڵامی مەكتەبی سیاسی پارتی دەداتەوەو دەڵێت " بەشێكی بەلاغەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی فرمێسكی تیمساحی بۆ ئایندەی ھەرێم ھەڵدەرێژێ و لە بیری دەباتەوە كە ئەوە پارتییە ھەمیشە ئامادە بووە و ئامادەیە ھەموو ھەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسك بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ بە ناوی ھەرێم و حكومەت و ئیدارەی كوردستانییەوە".

ئەوەشی راگەیاندووە "خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بكەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاك نابێتەوە و تاوانەكان لە ژماردن نایەن".

لە كۆتایی  روونكردنەوەکەدا هاتووە "ھیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری ، بوغزو كینە ، واھیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە كۆنگرەی سبەینێتاندا بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن كە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێرێتەوە".

 
دەقی روونكردنەوەكە:

روونكردنەوەیەك لەمەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە سەبارەت بە بوختاننامەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی

 مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە رونكردنەوەیەكی چەواشەكارانەدا وەڵامی لێدوانە راست و رەواكانی ھەڤاڵ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی داوەتەوەو زۆر بە پەلەپروزێ كەوتۆتە شێواندنی زەقی راستییەكان و تێكەڵكردنی كاغەزەكان بە جۆرێ نەك ھەر ھاوڵاتییانی كوردستان، بەڵكو خودی پارتییەكانیش، بڕوای پێناكەن.

لە رونكردنەوەكەدا گوایە باس لە پەراوێزخستنی حزبیی دەكەن، لە كاتێكدا یەكێتیی بەوە دەناسرێتەوە ھەمیشە سەركردە و تێكۆشەر و خەباتگێرەكانی پێشڕەو و سەرمەشقن لە سەنگەری بەرگری لە كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیەكەیاندا.

رونكردنەوەكە تۆمەتی دواخستنی ھەڵبژاردن دەخاتە ئەستۆی یەكێتیی، خەڵكی كوردستان زۆر لەوە وشیارترن باوەڕ بە بوختانی وا بكەن. راستێكەی ئەوەیە كە پارتی دەیویست بەو یاسا كۆنەی ھەڵبژاردن و تۆمارە پر خەوشەی دەنگدەران، بەبێ ھەمواركردنەوەیەكی گونجاو، بچینە ناو پرۆسەیەكی شێواوی ھەڵبژاردنەوە، كە تەنھا و تەنھا لەبەرژەوەندی پارتی و تەزویرە ئاشكرا و چەندبارە بووەكانیدایە.

 ئاخر ھەڵبژاردن لە بنچینەدا بۆ گۆڕانكاری سیاسیی و دیموكراسی راستەقینە دەكرێت. كە ئەو ئامانجانە بەدینەھێنێت، ئەوا وەك تەسدیقكرنی بەرنامە تەزویرەكەیانە كە ئێستا بۆتە فەرھەنگێك نەك لە دژی فرەحزبی كوردستان، بەڵكو لە دژی خودی كۆنگرەی پارتی و ئەندامەكانیشی تەشەنەی سەندووە.

بەشێكی بەلاغەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی فرمێسكی تیمساحی بۆ ئایندەی ھەرێم ھەڵدەرێژێ و لە بیری دەباتەوە كە ئەوە پارتییە ھەمیشە ئامادە بووە و ئامادەیە ھەموو ھەرێم و ئەزموونەكەمان بكاتە قوربانی بەرژەوەندی تەسكی حزبی و ئیمارەتێكی بەر تەسك بۆ مانەوەیان تا شتێك نەمێنێ بە ناوی ھەرێم و حكومەت و ئیدارەی كوردستانییەوە، پیلان و كەینوبەینە ئیقلیمییەكانیان شاھیدی ئەوەن و لە ھەر تەنگژەیەكی سیاسیشدا ویستی ھەڕەشە ئامێزی ماڵجیایی ھەمیشە بەشێك بووە لە پەیامی ئاشكرا و نھێنییان.

ئەم راستییە ئاشكرایانە بە دەلەسەی گوایە كێشە ناوخۆییەكانی یەكێتی داناپۆشرێت، چونكە ناوخۆی پارتی و گرژی نێوان باڵەكانی وا زەقەكە كە ئێستا بۆتە مەترسی سەرباری ئەو مەترسییانەی پارتی بۆ كوردستانی دروستكردووە.

رونكردنەوەی بوختانئامێزی مەكتەبی سیاسیی پارتی باس لە ترسی دۆرانی ھەڵبژاردن دەكات كە پارتی دەمێكە بەھای دیموكراسی لە ھەڵبژاردنەكان دۆراندووە و ئەوە تەنھا تەزویر و چاوسوركردنەوەیە ئەوانی لە گۆڕەپانی زۆرینەی ساختەی حوكمڕانیدا ھێشتۆتەوە.ھەروەھا ئەوە پارتییە دوو چەمكی (مونافەسە و دوژمنایەتی) تێكەڵ كردووە، چونكە ھەر حزب و لایەنێك نەچێتە ژێر ركێفی وەھمی حزبی قائیدەوە و مل بۆ خۆسەپاندنەكەیان نەدات بەدوژمنیان زانیووە و بە داتاشینی سینارێوی دەستكردی موخابەراتی و تەشھیری میدیایی تەخوینی دەكەن.

مەكتەبی سیاسی پارتی بە لوتبەرزییەوە دەڵێ: (ئێمە لەوە گەورەترین بچینە لای كەسی دیكە و گلەیی بكەین) ئەمەش ھەمان فەرھەنگی عینادی و حیساب نەكردنە كە راوێژ و بیروڕا گۆڕینەوەی نێوان ھێزەكانی كوردستانیشی پێ عەیبەیە، پێچەوانەی یەكێتی كە بۆ ھەر ھەنگاوێك بڕوای  بە تەگبیر و  راوێژ ھەبووەو خۆی بە دوور گرتووە لە تاكڕەوی و خۆسەپێنی. راوێژی یەكێتی لەگەڵ ھاوبەشەكانی ئەزموونی كوردستان بۆ سوڵح و شەفاعەت نەبووە لەگەڵ پارتیدا، بەڵكو بۆ خستنە رووی نیگەرانییەكانی ھەمووان بووە لە ئەدای خراپی حوكمڕانی و تاكڕەوی پارتی تا ھەموولایەك لە ھەر ھەڵوێستێكی یەكێتیی ئاگاداربن، ئەگەر كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەكان خراپە ئەی بۆچی دوای سەردانەكانی وەفدی یەكێتیی، تەنگەتاو بوون و گوایە (وەفدی حكومیان) پێكھێنا و لە دەرگای لایەنەكانیان دا؟.

بوختاننامەی مەكتەبی سیاسی پارتی باس لە كەیسی تیرۆركردنی شەھید (ھاوكار جاف) دەكات، گوایە پێشوەختە ئاگاداری كردەوەكە بوون ئەی بۆچی ھەوڵتان نەدا رێی لێ بگرن و فرمێسك و خوێنێك بۆ گەلەكەمان بگێرنەوە؟ یان ئەوە دەسەلمێنن كە رەنگە ھەر خۆتان  و كەسانی راكردوو لە یاسا كە داڵدەتان داون،  بەرپرسن لەو رووداوە؟!، خۆ ئەگەر باسی تۆماری تیرۆر بكەین ئەوا پەرێزی مێژوویی پارتی قەت پاك نابێتەوە و تاوانەكان لە ژماردن نایەن، كە تازەترینییان شەھید كردنی كارمەندێكی ئاسایش بوو لە چەمچەماڵ و لێدان و دەستدرێژی بۆ سەر كەسانی تر لەسنووری دەسەڵاتی یەكێتیدا، ئەدی بۆچی ئەو دۆسێیانە دیزە بەدەرخۆنە كران و تاوانبارەكانتان لای خۆتان گلداوەتەوە و موعەزز موكەرەمن لە پایتەخت دەژین.

روونكردنەوەكەی مەكتەبی سیاسی پارتی، دەڵێت دوای داواكردنی چەند كەسێك لە لایەن دادگاوە گوایە ھێرشی یەكێتی بۆ سەر پارتی دەست پێكردووە لەكاتێكدا قەرار بوو لیژنەی ھاوبەشی لێكۆڵینەوە لە ھەر كەیسێكی گوماناوی بكەن نەك ھەر خۆیان ئیستفراد بە دادگا و لێكۆڵینەوە بكەن و سیناریۆ دا بتاشن و مۆری دادگای لێبدەن.

 دوا قسەمان دەڵێین ، لە پێناو پەرژەوەندی گشتیدا، ئەوە یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بووە كە ھەمیشە نەرمی نواندووەو لەزۆر مافی خۆمان خۆشبووین، بەڵام ناكرێ تا سەر بێدەنگ بین لە سیاسەتی جیاكاری و ئابڵوقەی دوژمنكارانە بەرامبەر خەڵكی ناوچەكانی ئەم دیو دێگەڵە (بگرە تەواوی دۆخی دژواری كوردستان) كە تا ئێستا سنورێكی دروستكراوی ھەڵبەستنی رق و كینەی ناختانە,

 
ھیوامان وایە سەرئەنجام تای دەمارگیری ، بوغزو كینە ، واھیمەی (حزبی قائید) و تەخوینی بیروڕای جیاواز بەرتان بدات و لە كۆنگرەی سبەینێتاندا سیاسەتێكی نوێی كوردانە و دەربەستی سیاسی بگرنە بەر و بڕیاری نیشتمانی ئەوتۆ بدەن كە زەرەری تا ئێستا زۆر و زەبەنەتان، لە نیوەی بگێرێتەوە.
 

مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان

٢-١١-٢٠٢٢

ك. م 
 

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب