خەڵەف   غەفور

خەڵەف غەفور

خاڵی لاوازی دژەکانی ئەردۆغان وەک دەرفەتێک بۆ سەرکەوتنەوەی

تازە هەوڵەکانی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆنی تورکیا کە بە "مێزی شەشی" ناسراون و تەواو دژی رەجەب تەیب ئەردۆغانن، شکستیان هێنا لەوەی هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ سەرۆک کۆمار و پەرلەمانی تورکیا بکرێت، شکستی دووەم کەوا چاوەڕێیان دەکات بریتییە لەوەی تائێستا نەیانتوانیووە بەربژێرێکی بەهێزی هاوبەش بۆ رکابەریی ئەردۆغان دیاریبکەن، ئەوە خاڵێکی سادە نییە، بەڵکو ئەگەر شکستبهێنن، ئەوا سەرکەوتنی ئەردۆغان مسۆگەر دەبێت.

ئەردۆغان بە رژدی کار لەسەر رێکنەکەوتنی پارتەکانی ئۆپۆزیسیۆن لە دیاریکردنی بەربژێرێکی هاوبەش دەکات، ئەوە مافی خۆیەتی و جێی نەنگی نییە، هەربۆیەش زوو زوو لە وتارەکانیدا بەتایبەت رووی دەمی دەکاتە کەمال کڵیچدارئۆغڵو و پێی دەڵێت "بەڕێز کەمال، کوا ناوی بەربژێرەکەتان؟".

لێرەدا ویستی حزبی و بەرژەوەندیی گشتی هەیە، بە نائاشکرایی، جگە لە کەمال کڵیچدارئۆغڵو، سەرۆکی پارتەکانی دیکە بەدوای بەربژێرێکی دەرەوەی سەرۆک پارتەکانەوەن، یانی کەسێک دڵمەندی شەقام بێت، بەڵام کەمال کڵیچدارئۆغڵو زیاتر چاوی لەسەر خۆیەتی، ئەمەش دڵمەندی پێنج پارتەکەی دیکە نییە و بووەتە خاڵی ناکۆکیی نێوانیان.

دوو بەربژێری ئۆپۆزیسیۆن پێشتر بەرانبەر ئەرۆغان خۆیان تاقیکردەوە و دۆڕان؛ میراڵ ئاکشنەر، سەرۆکی ئی پارتی کە بە ژنە پۆڵایینەکە ناسراوە، لەگەڵ سەلاحەدین دەمیرتاش، سەرۆکی پێشووتری پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە. بەپێی ئاماژەکان هەدەپە نیازی بەربژێرکردنەوەی دەمیرتاشی هەیە، بەڵام ئەوە خراپە و لەئێستاوە دیارە کەوا دەدۆڕێت.

راستە هێشتا کاتی زۆر ماوە، بەڵام لە بەرژەوەندیی "مێزی شەشی" نییە، ئەوەش چەند هۆکارێکی هەیە:

یەکەم: تەنها دیارکردنی خودی بەربژێر گرنگ نییە، بەڵکو بەرنامە و کارکردنی زۆری دەوێت.

دووەم: ئەردۆغان بە رژدی کار لەسەر گەورەکردنی درزی نێوانیان دەکات بەوپێیەی خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو شەش پارتە ئەردۆغان و شکستپێهێنانێتی.

سێیەم: هەدەپە و بەربژێرەکەی بۆ هەردوولایان مەترسییە، نزیکبوونەوەی لە هەر لایەکیان، راستەوخۆ دەکاتە شکستی لاکەی تریان، دەنگی زۆر لە هەر لایەکیان کەمدەکاتەوە.

چوارەم: ئەگەر "مێزی شەشی" هەڵوەشێتەوە، یان بەربژێرێکی لاواز دەستنیشانبکەن، ئەردۆغان سەرکەوتنەوەی مسۆگەر دەبێت.

سێ هۆکاری دیکەش کاریگەریی لەسەر شکست یان سەرکەوتنی ئەردۆغان دەبێت:

یەکەم: ئەگەر بتوانێت تاکاتی نزیک لە هەڵبژاردنەکان، بارودۆخی ئابووریی تورکیا ببوژێنێتەوە.

دووەم: رێککەوتنی لەگەڵ سوریا و گەڕاندنەوەی ئاوارەکانی سوریا کە بارگرانیی زۆری ئابووری لەسەر تورکیا دروستکردووە.

سێیەم: دیپلۆماسیەتی ئەردۆغان و سەرکەوتنی نێوەندگیرییەکانی لە چارەسەرکردنی کێشە ناوچەیی و جیهانییەکان بەتایبەت شەڕی ئۆکرانیا و رووسیا.

کات ماوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ سەرکەوتنەوەی ئەردۆغان زیاترن.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan