کوردستانی

وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گیان لەدەستدانی مامۆستا ئاینییەکە روونکردنەوە دەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گیان لەدەستدانی مامۆستا ئاینییەکە روونکردنەوە دەدات
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی مامۆستایەکی ئایینی گیانی لەدەستدا تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند ئەو مامۆستایە بە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیانی لەدەستداوە و وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت "بۆ دەرکەوتنی ئەنجامی کۆتایی پێویستە چاوەڕێی پزیشکی دادی بکەین".

محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گیان لەدەستدانی ئەو مامۆستا ئایینییەی ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی گیانی لەدەستدا بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ دەرکەوتنی ئەنجامی کۆتایی پێویستە چاوەڕێی پزیشکی دادی بکەین".

ئاماژەی بەوەشکرد "نیشانەکانی ئەو مامۆستا ئاینییە لەگەڵ نیشانەکانی کۆرۆنادا دەڕوات، هەر بۆیە پشکنینمان بۆکرد دەرئەنجامی پشکنینەکە دەری خستووە کە هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنایە".

محەمەد قادر وتی "وەک کەسوکاری ئەو مامۆستا ئاینییە ئاماژەی پێدەدەن و ئێمەش پشکنینمان بۆ کرد دەرکەوتووە ئەو مامۆستایە نەخۆشی درێژخایەنی هەبووە و ئەو نەخۆشیەش دەکرێت ببێتە هۆی مردن، بۆیە دەبێت بڕیاری کۆتایی لەلایەن پزیشکی دادیەوە بێت".

وتیشی "دەنگۆی ناڕەسمی هەیە کە ئەو مامۆستایە سەردانی ئێرانی کردبێت، بەڵام دەبێت لەو دەنگۆیانە دڵنیابینەوە و پرسیار لە کەسوکارەکەی بکەین، هەروەها ئەگەر سەردانی ئێرانی نەکردبێت ئەم حاڵەتە بە کۆرۆنا تەشریح کرابێت پێویستە بزانین ئەو مامۆستایە لەم دوایانە سەردانی کێ کردووە پشکنینیان بۆ ئەنجام بدرێت بەمەبەستی ئەوەی کە دڵنیابینەوە لە تەندروستی ئەو کەسانە".
Qaiwan
Qaiwan