کوردستانی

نرخی بەشێک لە سەوزە و میوەکان بەرزبوونەتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرادەکرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


نرخی بەشێک لە سەوزە و میوەکان بەرزبوونەتەوە و هۆکارەکەی ئاشکرادەکرێت
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخی هەندێک بەرهەمی کشتوکاڵی ئاشکرادەکات و رایدەگەیەنێت بەرهەمی خۆماڵی لە 85% کەمیکردووە.

سەروەر عەلی، سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی لەبارەی گرانبوونی هەندێک بەرهەم بە مەودا میدیای راگەیاند "بەهۆی هەبوونی گومرگ لەسەر پیاز و تەماتە و چەند بەرهەمێکی دیکە نرخیان لە بازاڕەکاندا بەرزبووەتەوە، چونکە ئێران گومرگی خستووەتەسەر و ئەمەش وایکردووە نرخەکەیان بەرزبێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "داوامان لە وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە گومرگی ئەو بەرهەمانە لاببات بۆ ئەوەی نرخیان دابەزێت، بۆیە لەسەر داواکاری ئێمە ئەمڕۆ پێیان راگەیاندین لە سبەینێ دووشەممە 14ی تشرینی یەکەمی 2022 گومرگی سەر بەرهەمی تەماتە و خەیار لادەچێت، ئەمەش وادەکات نرخەکەیان دابەزێت".

 سەرۆکی لیژنەی سەندیکای کشتوکاڵی عەلوەی سلێمانی وتی "بەرهەمی خۆماڵی لە 85% کەمیکردووە و لە 15% ماوە، بۆیە ئەوەی لە بازاڕدا دەبینین زۆری هاوردەیە وڵاتانی دیکەیە بە تایبەت ئێران".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan