کوردستانی

قەیرانی غاز دروستدەبێت و نرخەکەی بەرزدەبێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


قەیرانی غاز دروستدەبێت و نرخەکەی بەرزدەبێتەوە
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

نوێنه‌ری كارگه‌كانی غاز له‌ سلێمانی رایدەگەیەنێت لەئێستادا ئەو غازەی بە دەستی ئەوان دەگات 240 تەنە، ئاماژەی بەوەشکرد هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی غاز بۆ کەمی ئەو بڕە غازەی دێتە سلێمانی و شێوازی دابەشکردنەکەی دەگەڕێتەوە.

کۆچەر تاهیر، نوێنه‌ری كارگه‌كانی غاز له‌ سلێمانی مەودا میدیای راگەیاند "لە سلێمانی لە وەرزی هاویندا پێویستیمان بە 300 تەن غازە و لە زستانیشدا پێویستمان بە 400 تەن غازە، بەڵام لەئێستادا ئەو غازەی بە دەستی ئێمە دەگات 240 تەنە و بڕیار وایە لە 20ی تشرینی دووەمی 2022وە کۆمپانیای ساوس کوردستان تەنکەرێکی دیکەمان بۆ زیادبکات بۆ ماوەی یەک مانگ و بەمەش دەبێتە 260 تەن غاز".

ئاماژەی بەوەکرد "ئەو بڕە غازە دێتە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی و لەوێش بەبێ رەچاوکردنی خواستی هاوڵاتییان و بەرژەوەندیی خۆیان و چەند کارگەیەک دابەشیانکردووە بەسەر کارگەکاندا هەر کارگەی هەشت تانکەر و کارگە هەیە بریکارەکەی دوو هەزار بوتڵی بەردەکەوێت، لەکاتێکدا بەپێی نووسراوێکی خۆیان نابێت هیچ بریکارێک لە رۆژێکدا 100 بوتڵ غاز زیاتر ببات، هەروەها هەندێک بریکار هەیە غازەکەی بۆ ساغ نابێتەوە لە بازاڕی رەش دەیفرۆشێت".

نوێنه‌ری كارگه‌كانی غاز له‌ سلێمانی وتی "دەتوانین بڵێن هۆکاری سەرهەڵدانی قەیرانی غاز بۆ کەمی ئەو بڕە غازەی دێتە سلێمانی و شێوازی دابەشکردنەکەی دەگەڕێتەوە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکانی سلێمانی".

وتیشی "بەهۆی دابەشنەکردنی نەوتەوە زۆربەی هاوڵاتییان پەنەیان بردووەتەبەر بەکارهێنانی سۆپای غاز، ئەمەش خواستی هاوڵاتییان لەسەر غاز زیاددەکات".

ئەوەشی خستەڕوو "ساڵانی رابردوو ئەم کاتانە هەموو کارگەیەک 200 تەن غازی هەبوو، بەڵام لەئێستادا هەموو شاری سلێمانی 200 تەن غازی تیادا نییە، بۆیە پێشبینی دەکرێت نرخی بوتڵێک غاز لە بازاڕی رەشدا بۆ 30 هەزار دینار بەرزبێتەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan