کوردستانی
رێنمایی دەدرێت بە ئەو پاس و تاكسیيانەی هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
قایمقامییەتی سلێمانی چاودێری ئەو پاس و تاكسيیانە دەکات كە هاتوچۆ بە خوێندكاران دەكەن، و بەخێوکاران و خوێندکارانی خوێندنگە و باخچە حکومی و ناحکومیەکانی سنوری هەردوو بەرێوەبەرێتی پەروەردەی رۆژهەڵات و رۆژئاوا ئاگاداردەکاتەوە، لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک لیژنەی چاودێریکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێ ئاگاداربکەنەوە.
لەسەر راسپاردەی قایمقامی سلێمانی لیژنەی هاتوچۆی گواستنەوەی خوێندکارانی سەر بە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامییەتی سلێمانی کۆمەڵێک رێنمایی تایبەت بە رێکخستن و چۆنییەتی گواستنەوەی خوێندکاران دەرکردووە، لە گرنگترینی ئەو رێنماییانەشی کە قائیمقامیەتی سلێمانی بە پێویستی دەزانێت بەخێوکاری خوێندکاران لێی ئاگادار بن:
1- ئەو پاس و تەكسییانەی خوێندكاران دەگوازنەوە دەبێت رەچاوی تەواوی رێنماییەکانی هاتوچۆ بکەن.
2- پاسەکان دەبێت مەرجی سەلامەتی و تووندوتۆڵی و سیستمی ساردی و گەرمی تێدا بێت.
3-رێگە نادرێت هیچ ئۆتۆمبێلێك له ژمارەی كوشنەكان زیاتر خوێندكار هەڵبگرێت.
5- لە بەشی کارگێری هەر خوێندنگەیەكدا لیژنەی تایبەت بە سەرپەرشتی پاسەكان پێکهاتووە کە زانیاری تەواو و بەڵگەنامەی شۆفێر و پاسەكانی لابێت، و بەردەوامیش چاودێری ئەو ئۆتۆمبێلانە بكات کە خوێندکاران دەگوازنەوە.
5- تیژرەوی لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاران رێگە پێدراو نییە.
6- لەکاتی گواستنەوەی خوێندکاراندا نابێت شۆفێرەکان رادیۆ و هۆکانی لێدانی گۆرانی و میوزیک بەکاربهێنن، دەبێت رەچاوی لایەنی پەروەردەیی بکەن.
7- پارەی رۆژانی پشووە فەرمییەکان جگە لە رۆژانی هەینی پارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خوێندکارەکان.
8- دانانی پەردەو ئاوێنەی زیادە رێگە پێدراو نییە.
9- لەڕووی نرخەوە پابەندی ئەو نرخانەبن کە بە گوێرەی ناوچەی جوگرافی دیاریدەکرێت.
10- نرخی گواستنەوە بەپێی ناوچەی جوگرافی و دوور و نزیکی و تایبەتمەندی شوێنەکە دیاری دەکرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو "بۆئەوەی هیچ خوێندکارێک نەبێتە قوربانی، قایمقامییەتی سلێمانی بەردەوام دەبێت لە چاودێریکردنی وردی ئەو پاس و تاکسیانەی کە هاتوچۆ بە خوێندکاران دەکەن، بەدەر لەو رێنماییانەی سەرەوەش، هەر شۆفێرێک سەرپێچی ئەنجامبدات قایمقامییەتی سلێمانی رێوشوێنی پێویست و گونجاو دەگرێتەبەر، داوا لە بەخێوکەران و کەسوکاری خوێندکاران دەکەین کە لەکاتی بەدیکردنی هەر جۆرە سەرپێچییەک، لەڕێگەی ژمارەی پەیوەندی (07701061603) لیژنەی چاودێرکردنی هاتوچۆی تایبەت بە گواستنەوەی خوێندکارانی لێ ئاگاداربکەنەوە.
س،ر
بیروڕا


