کوردستانی

بڕیار لەسەر پێدانی قەرز بەم توێژە درا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بڕیار لەسەر پێدانی قەرز بەم توێژە درا
مەودا میدیا-

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە بڕی 15 ملیۆن تاوەکو 100 ملیۆن دینار دەدرێت بە جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری.

لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ و بانکی ئەلقرتاسی ئیسلامی بە مەبەستی پاڵپشتی و رەخساندنی دەرفەتی قەرزی بانکی بۆ جووتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، بەشێوەی قیستی درێژخایەن، بە بڕی 15 ملیۆن تاوەکو 100 ملیۆن دینار لە قۆناغی یەکەم بۆ پرۆژەی بچووک و مامناوەند، بەپێی ناوەرۆکی یاداشتەکە هەنگاوەکانی ئەم پرۆژەیە چووەتە بواری جێبەجێکردن".

ئاماژە بەوەشکراوە"لە ماوەی دوو مانگی رابردوو تاوەکو ئێستا لە سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان 300 جوتیار و خاوەن پرۆژە مامەڵە و داواکاریان بۆ سوودمەندن پێشکەشکردووە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی وەزارەت کراوە، 100 لەو مامەڵە نێردراوە بۆ بانکی ئەلقرتاس، دوای وردبینیکردن و پشتگیریکردنی داواکارییەکان".

ئەوەش هاتووە "وەرگرتنی مامەڵەکان بەردەوامە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوبراو بە مەبەستی گەیاندنی خزمەت و دەرفەتی سوودمەند بوون بە زۆرترین جووتیار و خاوەن پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی".

وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەشی خستووەتەڕوو "جوتیاران و خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی دەتوانن لە رێگەی نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی، مامەڵەکانیان پێشکەشی وەزارەتی کشتوکاڵ بکەن".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan