نەرمین عوسمان
توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی، دیاردەیەکی باوی ناو هەموو کۆمەڵگەکانە، جۆر و شێوازی زۆر و لێکەوتەکانی هۆکارن بۆ ناجێگیریی ژیانی تاک و کۆمەڵ، کە هەندێک جار دەگەنە رادەی لەناوبردنی لایەنی بەرانبەر، بەمەش ئاسایش و سەقامگیریی تاک و کۆمەڵ تێک دەچێت، بۆیە ئەرکە و ئەرکێکی قورسیشە لەسەر هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان کە بەیەکەوە هەوڵ بدەن هەم بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی توندوتیژی، هەمیش بۆ چارەسەری بەرکەوتەکان.
لێرەدا باس لەو شێوازانە دەکەین کە چۆن چارەسەری توندوتیژی دژ بە ژنان دەکرێت:
یەکەم: ئەرکی دەوڵەت:
ئەرکی دەوڵەتانی جیهان، بەیەکەوە هەوڵدانە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی و رێگە گرتن لە بەکارهێنانی بە هەموو جۆر و شێوازێک، وەک:
- واژووکردن لەسەر هەموو ئەو رێککەوتننامانەی کە دژی هەموو جۆرە توندوتیژییەکن دەرحەق بە ژنان.
- بەپێی یاسا و رێنماییەکان، تاوانبارەکان سزای خۆیان وەربگرن و قەرەبووی ئەو ژنانە بکەنەوە کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە بەپێی رادەی زیانەکانیان.
- تەرخانکردنی بەشێک لە دارایی دەوڵەت بۆ ئەو کار و چالاکییانەی پەیوەندییان بە نەهێشتنی جۆرەکانی توندوتیژییەوە هەیە.
- بایەخدان بە لایەنی پەروەردە و فێرکردن، بەمەبەستی راستکردنەوەی رەوشتەکانی تاک و کۆمەڵگە و لەناوبردنی ئەو کردە هەڵانەی دژ بە ژن دەکرێن.
دووەم: ئەرکی کۆمەڵگە:
لەسەر تاکی هەر کۆمەڵگەیەک ئەرکە هەوڵ بدات بۆ نەهێشتنی ئەو دیاردەیە، بۆ ئەو مەبەستەش، ئەم هەنگاوانە بگیرێنەبەر:
- هۆشیارکردنەوەی تاک و بڵاوکردنەوەی زانیاری لەبارەی مەترسییەکانی دابونەریتە زیانبەخشەکانی دژ بە ژن، بەتایبەتیش لە ناوچە دوورەدەستەکان. هەروەها کۆمەڵگە لەو راستییانە ئاگادار بکرێنەوە کە دەبنە هۆکار.
- گوێگرتن لە ئەزموونی ئەو ژنانەی کە رووبەڕووی توندوتیژی بوونەتەوە و رەچاوکردنی پێداویستییەکانیان، رووبەرێکی فراوانیان بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانن بە دەنگی بەرز بدوێن، گرنگە لە کاتی قسەکردنیان، بەتایبەتیش لە حاڵەتی توندوتیژیی سێکسی، جلوبەرگی ژنەکە نەبێتە هۆی ئەوەی تۆمەت بخەیتە سەر ژن، چونکە گوناحبارە سەرەکییەکە تاوانبارەکەیە. دەبێت وا لە قوربانییەکە بکرێت کە متمانەی هەبێت و بەڕاشکاوانە هەستەکانی باس بکات.
- هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە زیانی بەشوودانی پێشوەخت و زۆرەملێ.
- هاندانی ژنان بۆ بەشداریکردن لە پرۆسەی سیاسی و گەشەی ئابووری.
- تۆمارکردنی سکاڵا لە هەر شوێنێک بۆ هەر شێوازێک لە شێوازەکانی توندوتیژی لە کاتی رووبەڕووبوونەوە، یاخود بینینی.
- بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی یەکترقبوڵکردن بە هەموو جیاوازییەکانەوە.
سێیەم: ئەرکی خێزان:
خێزان پێکهاتەیەکی سەرەکیی کۆمەڵگەیە، ئەگەر پەروەردەی خێزان باش بێت، ئەوا کۆمەڵگەیەکی تەندروست دروست دەبێت. بەم شێوازانە خێزان دەتوانێت بەشدار بێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی:
- هۆشیارکردنەوەی تاکی خێزان و بەرزکردنەوەی ئاستی زانیارییان بە گرنگی و بایەخی نەهێشتنی توندوتیژی.
- دابەشکردنی بەرپرسیارێتی لەناو خێزان لە نێوان ژن و پیاو.
- رێزگرتن لە راوبۆچوونی یەکتری ئەگەر جیاوازیش بن، چونکە لە دوو ژینگەی جیاوازەوە هاتوون.
- ژینگەی فێرکاریی گونجاو و ئارام بۆ هەموو ئەندامانی خێزان فەراهەم بکرێت.
- هاندانی کچان و ژنانی خێزان بۆ خوێندن و چوونە خوێندنگە. هەمان بوار بە هەمان ئاست بۆ هەردوو رەگەز بڕەخسێنرێت.
- هاندانی کچان و ژنان بۆ خوێندنەوە و خۆپەروەردەکردن، بەتایبەت بۆ مەبەستی پەروەردەی (تەندروست)ی ئەندامانی خێزان.
- رێزگرتن لە داواکارییەکانی هەردوولا بەپێی توانا.
چوارەم: ئەرکی دامەزراوەی فێرکردن و پەروەردە:
فێرکردن، کۆڵەکەیەکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە یەکسانی و رێگری لە توندوتیژی دژ بە ژنان. بۆ ئەو مەبەستە، لە رێگەی ئەم هەنگاوانەوە دەتوانرێت کار بکرێت:
- ژینگەیەکی فێرکاریی گونجاو و ئارام بۆ هەموو خوێندکارەکان فەراهەم بکرێت.
- هاندانی خێزانەکان بۆ ناردنی کچەکانیان بۆ خوێندن و لابردنی کۆسپەکانی دابونەریتە نامۆکان کە دەڵێن خوێندن بۆ کچ نەخوازراوە.
- مامۆستا دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ ببینێت لە چارەسەرکردنی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکی توندوتیژانە.
- راهێنانی خوێندکاران لە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ یەکتری بەهێمنی و چارەسەرکردنی کێشەکانیان بە رێگەی ئاشتییانە. هەروەها وانەکانی ئاشتەوایی خوێندنگە بخرێتە بەرنامەی کاریان.
- راهێنانی خوێندکاران لەسەر هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی و مانای هاوڕێیەتی و یەکترقبوڵکردن.
- فێرکردنی خوێندکاران بە مافەکانیان و ئەرکەکانیان و بەرپرسیارێتییان.
پێنجەم: ئەرکی رێکخراوە حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتییەکان:
رۆڵی ئەو رێکخراوانە، تەواوکارن بۆ رۆڵی دامەزراوەکان و لایەنەکانی تر و زۆر گرنگن، دەتوانن بەم هەنگاوانە بەشدار بن:
- تۆمارکردنی ئامارەکانی توندوتیژی و جۆرەکانی، کە وا دەکات زیاتر لە حاڵەتەکان تێبگەن.
- رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، بۆ نموونە؛ رێکخراوی تەندروستیی جیهانی و رێککەوتننامەکانی، هاوکاریی رێکخراوە ناحکومییەکانی وڵاتان بکەن هەم لە رووی دارایی، هەم لە رووی کردنەوەی خولی راهێنان و پێگەیاندنی کادیری لێهاتوو لەو بوارەدا.
- دروستکردنی تۆڕ لە نێوان رێکخراوە پەیوەندیدارەکان بۆ هاوکاری و هەماهەنگی.
- بەدواداچوونی کەیسەکان و بڵاوکردنەوەی ئەزموونەکان.
- کردنەوەی خولی هۆشیاری بۆ هەردوو رەگەز، بەتایبەتیش لەو شوێنانەی کە دیاردەی توندوتیژیی باوە.
- هاندانی ژنان بۆ تۆمارکردنی سکاڵاکانیان هەرکات رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
- رێکخراوە حکومییەکان دەتوانن خولی تایبەت بۆ ژن و پیاو بکەنەوە پێش ئەوەی هاوسەرگیری بکەن.
- دابینکردنی شەڵتەرێک بۆ قوربانیانی توندوتیژی و دانانی هێڵی گەرمی تەلەفۆن بۆ پەیوەندی بەمەبەستی رێنیشاندان و رێنماییکردنیان.
- بەشداریکردن لەو 16 رۆژەی لە جیهاندا تەرخان کراوە بۆ دژایەتیکردنی توندوتیژی بە هەموو جۆرە چالاکییەک، هیچ نەبێت هانی دۆستانی دژ بە توندوتیژی بدرێت بە دانانی دروشمی تایبەت بەو ساڵە و نووسینی بابەت.
شەشەم: چارەسەرکردن لەناو ژینگەکانی کار:
زۆر جار توندوتیژی دژ بە ژنان لە شوێنی کار روو دەدەن، کە بەم هەنگاوانە دەتوانرێت رووبەڕوویان ببینەوە:
- بەرنامەڕێژی بۆ هۆشیارکردنەوەی کارمەندان بە چۆنیەتی وەستانەوە دژی توندوتیژی و دەرەنجامەکانی.
- بوونی پلانی ئەمنی بەمەبەستی تۆمارکردنی سکاڵاکانی توندوتیژی، هەروەها چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵیان بەشێوەیەکی یاسایی.
- دەکرێت لە هەر شوێنێکی کار کۆمەڵێک رێنمایی دابنرێت بۆ سزادانی ئەو کارمەندانەی توندوتیژی بەکار دەهێنن.
- دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان کارمەندان لەسەر بنەمای رێزگرتن لە یەکتری، بەتایبەتیش لە نێوان هەردوو رەگەز.
*ئەم وتارە، یەکێکە لە زنجیرەیەک وتار کە نووسەر لەبارەی (مێگەرایی)یەوە دەینووسێت.
خ. غ
خ. غ