کوردستانی

دۆسییەی ئەمنی کەرکوک دەدرێت بە کێ و پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کام لایەن دەبێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


دۆسییەی ئەمنی کەرکوک دەدرێت بە کێ و پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کام لایەن دەبێت؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

 بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی کوردستان لە كەركوك رایدەگەیەنێت تائێستا حکومەتی عیراق پابەندە بەوەی مادەی 140 مادەیەکی دەستوورییە و حکومەتەکانی عیراق پابەندن بە جێبەجێکردنییەوە، ئاماژە بەوەشدەکات تاوەکو ئێستا بابەتی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی نەبووەتەوە.

بەختیار محەمەد، بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی کوردستان لە كەركوك لە بارەی کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 بە مەودا میدیای راگەیاند "کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 لەلایەن حکومەتی نوێی عیراقەوە دوو ئامانجی گرنگی هەیە، یەکەمیان لەڕووی سیاسییەوە تائێستا حکومەتی عیراق پابەندە بەوەی مادەی 140 مادەیەکی دەستوورییە و حکومەتەکانی عیراق پابەندن بە جێبەجێکردنییەوە، لایەنی دووەم ئەوەیە ژمارەیەکی زۆر هاوڵاتیی کورد لەڕووی قەرەبووی مادییەوە تائێستا مامەڵەکانیان لە لیژنەی مادەی 140 لە کەرکوک و ناوچەکانی دیکە مابوونەوە، بۆیە بە کاراکردنەوە ئەو لیژنەیە خەڵک دەتوانێت سوود ببینن لەوەی قەرەبوو بکرێنەوە".

لەبارەی هەبوونی سوپای عیراق لە کەرکوک ئاماژەی بەوەکرد "بەپێی دەستوور سوپای عیراق شوێنیان دەرەوەی شارەکانە، بوونی سوپای عیراق لە کەرکوک لەئێستادا دەرئەنجامی دۆخێکی تایبەت و نەخوازراوە کە پێشتر هاتووەتە پێشەوە، هەروەها ئێستا جۆرێک لە رێککەوتن هەیە کە  دۆسییەی ئەمنی کەرکوک رادەستی پۆلیسی شارەکە بکرێتەوە".

بەرپرسی پەیوەندییەكانی حزبی شیوعی لە كەركوك سەبارەت بە گۆڕینی پارێزگار و پێدانی ئەو پۆستە بە کورد وتی "تاوەکو ئێستا بابەتی پارێزگاری کەرکوک یەکلایی نەبووەتەوە، هەروەها دەبێت پۆستی پارێزگاری کورد بدرێت بە لایەنی کوردستانی، چونکە لە سەرجەم هەڵبژاردنەکانی عیراقی نوێدا لە کەرکوکدا کورد هەمیشە لە سەرووی لە %50ی سەرجەم دەنگەکانی کەرکوکی بەدەستهێناوە".
 
 لە مانگی رابردوو دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عیراق لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 درا.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan