کوردستانی

شنگال چاوەڕێی چی لە حکومەتی نوێی عیراق دەکات؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


شنگال چاوەڕێی چی لە حکومەتی نوێی عیراق دەکات؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

قایمقامی قەزای شنگال کارکراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 بە گرنگ ناودەبات و رایدەگەیەنێت ئەگەر حکومەتی عیراق فێڵ نەکات و بەڕاستی و دروستیی کارەکانی بکات ئەوا دەتوانێت دۆخی قەزای شنگال باشتربکات.

مەحما خەلیل، قایمقامی قەزای شنگال بە مەودا میدیای راگەیاند "دۆخی ئەمنی و ئابووری و خزمەتگوزاری قەزای شنگال زۆرخراپە، بەهۆی خراپی دۆخیشەوە بەشێک لە هاوڵاتییان دەیانەوێت ناوچەکە جێبهێڵن".

قایمقامی قەزای شنگال لەبارەی کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 وتی "کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 کاریگەری باشی دەبێت و بە جێبەجێکردنی دۆخی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باشتردەبێت و کۆتایی بە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان دەهێنێت".

وتیشی "ململانێی نێوان گەریلاکانی پەکەکە و تورکیا و هەبوونی سوپای عیراق لە شنگال بووەتە مەترسی و بێزاربوونی هاوڵاتییانی قەزای شنگال".

لەبارەی حکومەتی نوێی عیراقەوە ئاماژەی بەوەکرد "ئەگەر حکومەتی عیراق فێڵ نەکات و بەڕاستی و دروستیی کارەکانی بکات ئەوا دەتوانێت دۆخی قەزای شنگال و ناوچەکانی دیکە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان باشتربکات".

 لە مانگی رابردوو دوای کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی عیراق لەگەڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیاری کاراکردنەوەی لیژنەی مادەی 140 درا.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan