کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئێمە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازیكرد لە ئۆلیڤیێ دیكوتینێ، كونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە ھەرێمی كوردستان.

‏‎لە دیدارێكدا دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكان و كۆبوونەوەی لوتكەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە هاوینەهەواری دوكان و هێز و لایەنە سیاسییەكانی عیراق لە ماڵی مام لە بەغدا گفتوگۆیان لەبارەوەكرا. 

جەخت لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەوامی گفتوگۆ نیشتمانییەكان كرایەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان و هەنگاونان بە ئاڕاستەی سەقامگیری و تەبایی لەنێوان لایەنەكاندا.

‏‎سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێم و كۆبوونەوەكەی هاوینەهەواری دوكانەوە وتی "كۆبوونەوەكە سەلمێنەری ئەو راستییە بوو كە ئێمە لەگەڵ یەكڕیزی و تەبایی نێو ماڵی كورد و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتین لەم قۆناغە هەستیارەدا. یەكێتی باوەڕی تەواوی بە هاوبەشیی راستەقینەیە و دەمانەوێت لەگەڵ هێزە كوردییەكان بگەینە پرۆژەیەكی نیشتمانیی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و خزمەتكردنی خەڵكەكەمان، كە ئەمەش لە خزمەت بەهێزتركردنی قەوارەی هەرێم دەبێت".

‏‎هەر لە دیدارەكەدا كۆبوونەوەكەی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت گفتوگۆی لەبارەوە كرا و سەرۆك بافڵ ئاماژەی بە خاڵە ئەرێنییەكانی كۆبوونەكە كرد و وتی "كۆبوونەوەكە هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاڕاستەی چارەسەكردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و گرفتە سیاسییەكانی تر لە عیراقدا. خۆشبەختانە ئەو ئامانجەمان لە ماڵی مام بەدیهێنا و گەیشتینە ئەو دەرئەنجامەی گفتوگۆ و رێككەوتنەكان لەسەر بنەمای دەستوور بكرێن".

‏‎سەرۆك بافڵ وتیشی "كۆبوونەوەكە جەختی لە پشتیوانیی هێز و لایەنەكان كردەوە بۆ سەرخستن و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتی نوێ، چەسپاندنی دادوەری و روبەڕووبوونەوەی گەندەڵی. بڕیاریشدا كۆبوونەكان درێژەی هەبێت لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی سیاسی و هێنانەدی ئامانجە باڵاكان".

ك م 


Qaiwan
Qaiwan