کوردستانی

زانیاریی نوێ لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور

مەودا میدیا - سلێمانی |


زانیاریی نوێ لەبارەی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن لە پاسەوانی سنوور
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

وەزارەتی ناوخۆی عیراق شەوی رابردوو لینکی پڕکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندنی بۆ پاسەوانی سنوور کاراکرد و مەرجەکانی وەرگرتنی بڵاوکردەوە.

عەمید شێرکۆ رەشید، جێگری فەرماندەیی پاسەوانی سنووری هەرێمی کوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "بە فەرمی هیچ نووسراوێک نەهاتووە بۆمان، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە پەڕەی فەرمی خۆیەوە سەرجەم زانیارییەکانی بڵاوکردووەتەوە".

هاوڵاتییانی عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستانیش بە تایبەتی دەتوانن لەئێستادا ناوی خۆیان لە لینکەکەدا تۆمار بکەن و ئەو فۆڕمەی دانراوە پڕی بکەنەوە.

هەروەها، ئەو کەسانەی داواکاری وەرگرتن لە پەیمانگەی باڵا بۆ گەشەپێدانی ئاسایش و کارگێڕی پێشکەش دەکەن پێویستە ئەم مەرجانەیان تێدا بێت:

یەکەم: دەبێت کەسی پێشکەشکار خۆی و دایک و باوکی عیراقی بن و ئەمەش بەپێی برگەی یەکەمی مادەی پێنج لە یاسای خزمەتکردن و خانەنشینی لە دەستووری عیراقی.

دووەم: خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆس بێت.

سێیەم: تەمەنی لە 19 ساڵ کەمتر نەبێت و لە 25 ساڵ زیاتر نەبێت، ئەو کەسانەی لەئێستادا فەرمانبەری وەزارتی ناوخۆن و دەیانەوێت داواکاری پێشکەش بکەن مەرجە تەمەنیان لە 27 ساڵ زیاتر نەبێت.

چوارەم: لە پشکنینەکانی پزیشکی و جەستەیی و تاقیکردنەوەی کۆمپیتەر و دەروونی و لیژنەی چاوپێکەوتن و راژەی خزمەت دەربچێت.

پێنجەم: خاوەن رەوشت و ئاکاری ئەرێنی بێت و لە رابردوودا هیچ سزایەکی سیاسی و تاوانی شەرەف و تاوانی تیرۆر ی لەسەر نەبوبێت.

شەشەم: کەسێکی راستگۆ بێت و هیچ گرفتێک لە دڵسۆزی بۆ نیشتیمانی نەبێت.

حەوتەم: باڵای لە 155 سانتیمەتر کەمترنەبێت.

وەزارەتی ناوخۆێی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لەکاتی پێشکەشکردنی داواکاری بۆ وەرگرتن لە پەیمانگای باڵا بۆ گەشەپێدانی ئاسایش و کارگێڕی بەپێی یاساکان رێکاری وەرگرتنی ئەم کەسانەی خوارەوە بەشێوەیەکی دیکە دەبێت:

1- بنەماڵەی شەهید و زیندانە سیاسییەکان.

2- منداڵی ئەو ئەفسەرانەی بەردەوامن لە خزمەت و ئەو ئەفسەرانەی خانەنشینن.

3- پێکهاتەکانی کرستیان و سابیئە و شەبەک و ئێزیدی و کوردی فەیلی و تورکمان.

رێکاری وەرگرتن:

- خوێندکاری خولی پۆلیسی وەرگیراو لە هەموو ناوچەکانی کۆماری عێراق کاردەکات بە تایبەتی لە دەزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکان.

- بە درێژایی خولی پۆلیسییەکە خوێندکار بڕی یەک ملیۆن و 206 هەزار دینار وەک مووچە وەردەگرن بە لایەنی کەمەوە.

- پێویستە نمرەی خوێندکار هاوتای بەڵگەنامەی دەرچوونی خوێندنەکەی بێت ئەگەر هاوتا نەبوو داواکاری وەرگرتنەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

- لەکاتی بوونی کێشە لە لینکی پێشکەشکردنی داواکاری وەرگرتن، داواکار دەتوانێت لە رێگەی ئیمەڵی و ژمارەی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆبەخشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق سکاڵاکانی بگەیەنێت.

- پێویستە زانیارییە تۆمارکراوەکانن ناو داواکاری وەرگرتن هاوتوای بەڵگەنامە و ناسنامە فەرمییەکانی داواکار بێت، ئەگەر جیاوازی بوونی هەبێت ئەوا داواکارییەکە قبووڵ ناکرێت.

- ئەگەر داواکاری وەرگرتن قبوڵ کرا، ئەوا بەڕێوەبەرایەتی کاروباری خۆبەخشی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە رێگەی ژمارەی تەلەفۆنی تایبەتی خۆیەوە رێکارەکانی وەرگرتن و بنکەی ئەنجامدانی پشکنینەکان بۆ داواکاری وەرگیراو ئاڕاستە دەکات.

- لەسەر داواکار پێویستە پارێزگاری لە ژمارەی فۆرمی داواکردن بکەن کە لە فۆرمە ئەلکترۆنییەکەدا ئاماژەی پێدەدرێت، چونکە لە رێگەی ئەو ژمارەیەوە رێکارەکانی دیکەی پێدەگات.

- لەسەر داواکاری وەرگرتن پێویستە تەنها یەک پسپۆڕی زانستی هەڵبژێرێت، ئەگەر زیاتر لە یەک پسپۆڕی هەڵبژێرێت داواکارییەکەی هەڵدەوەشێنرێتەوە.

بەڵگەنامە پێویستەکان بۆ پێشکەشکردنی داواکاری:

- بڕوانامەی دەرچوون یان نوسراوی پشتگیری نمرەی باوەڕپێکراو لە زانکۆوە (کۆپی ئەسڵێ).

- ناسنامەی باری شارستانی یان کارتی نیشتیمانی خوێندکار و دایک و باوکی (چوار کۆپی).

- رەگەزنامەی عێراقی خوێندکار و دایک و باوکی خوێندکار (چوار کۆپی).

- کارتی نیشتەجێبوون (چوار کۆپی).

- پشتگیری لیژنەی شارەوانی باوەڕپێکراو (چوار کۆپی).

- وێنەی خوێندکار 20 دانە.

Qaiwan
Qaiwan