کوردستانی

شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
مەودا میدیا-

بە‌ڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان پێشبینییەكانی كەشوهەوای ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی کانونی یەکەم و سبەینێ دووشەممە 12ی کانونی یەکەمی 2022ی شارەكانی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە، بەڕێوەبەری کەشناسیی سلێمانیش لەسەر هاتنی شەپۆلێکی بارانبارین زانیاری دەخاتەڕوو.

ئاسۆ کەمال، بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "لە درەنگانی شەوی دووشەممە دەکەوێتە ژێر کاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆیەکەوە کە بەهۆیەوە پێشبینیدەکرێت شەپۆلێکی بارانبارین لە رۆژی سێشەممەوە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بگرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "ئاستی بارانبارین لە ناوچە شاخاوییەکان زیاتر دەبێت، هەروەها بەهۆی هاتنی بارستە هەوایەکی ساردەوە پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکات و ئەگەری بەفربارین هەیە لە ناوچە شاخاوییەکان، کاریگەریی ئەو شەپۆلەش تا کاتەکانی نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە بەردەوامی دەبێت".

بەڕێوەبەری کەشناسی و بوومەلەرزەزانی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو "کۆی گشتیی بارانبارین لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی 121.3ملم باران باریەوە بەراورد بە ساڵی رابردوو تاوەکو ئەم بەروارە 39.4 باران باریبوو".

بەپێی پێشبینییەكانی كەشناسیی هەرێمی كوردستان بێت، بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت, لە هەندێک ناوچە دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور، پلەكانی گەرما لەنێوان 4 بۆ 21 پلە دەبێت.

هەر بەپێی پێشبینییەكان، سبەینێ دووشەممە ئاسمان نیمچە هەور دەبێت، لە شەو درەنگدا دەگۆڕێت بۆ هەورى تەواو، پلەكانی گەرما لەنێوان 13 بۆ 19 پلە دەبێت.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan