کوردستانی

یەكێتیی فەرمانبەران لەسەر پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار هاتە دەنگ

مەودا میدیا - سلێمانی |


یەكێتیی فەرمانبەران لەسەر پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار هاتە دەنگ
مەودا میدیا-

حكومەتی هەرێم بەنیازە لە داهاتوو پلە بەرزكردنەوەی مەرجدار بۆ فەرمانبەران جێبەجێ بكات و سەرۆكی لقی سلێمانی یەكێتيی فەرمانبەرانیش دەڵێت "ئەوە ناهەقییە بەرانبەر فەرمانبەران دەكرێت و هەڵوێستمان دەبێت ئەگەر وەڵاممان نەدرێتە ئیمزا كۆدەكەینەوە و ئاڕاستەی دادگای فیدراڵی دەكەین بۆ گێڕانەوەی مافی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم".

جەزا محەمەد، سەرۆكی لقی سلێمانیی یەكێتیی فەرمانبەرانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "لەبەرانبەر پلەبەرزكردنەوەی مەرجداری فەرمانبەران كە حكومەتی هەرێم بە نیازە جێبەجێی بكات هەڵوێستمان دەبێت و بەیاننامەیەك ئاراستەی حكومەت دەكەین و داوای راگرتنی ئەو كارە دەكەین و جگە لەوەش كەمپین دروستدەكەین بۆ رێگری لەو هەنگاوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان".

باسی لەوەشكرد "ئەو بڕەیارە دژایەتییەكی زۆری فەرمانبەرانەو هەنگاوێكی مەترسیدارە لە بەرانبەر فەرمانبەران دەگیرێتە بەر چونكە لە ماوەی رابردوو بەهۆی قەیرانی دارایی فەرمانبەران باجی زۆریانداوە و لە ئێستاشدا نە قەیران هەیەو نە شەڕی داعش ماوە تاوەكو هەنگاوی لەوجۆرە بنرێت جگە لەوەش دۆخی حكومەت باشەو دەتوانرێت ئەو مافە بۆ فەرمانبەران بگەڕێتەوە".

ئاشكراشیكرد "ئەگەر حكومەتی هەرێم گوێ لە داواكارییەكەمان نەگرێت وەكو یەكێتی فەرمانبەران بەهاوكاری لەگەڵ رێكخراو و سەندیكاكانی دیكە ئیمزا كۆدەكەینەوە و ئاراستەی دادگای فیدراڵی دەكەین تاوەكو مافی فەرمانبەران لەوێوە بگەڕێندرێتەوە هاوشێوەی خانەنشینان".

ك م 
Qaiwan
Qaiwan