کوردستانی

کاتی هێنانەوەی تەرمی شەهید ئاکام عومەر گۆڕانکاری بەسەردا هات

مەودا میدیا - سلێمانی |


کاتی هێنانەوەی تەرمی شەهید ئاکام عومەر گۆڕانکاری بەسەردا هات
مەودا میدیا- 


دوای شەهیدبوونی بڕیارە رۆژی شەممە تەرمی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ لەڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە لە ئەڵمانییەوە بهێنرێتەوە هەرێمی کوردستان.

یەکێک لە کەسە نزیکەکانی ئاکام عومەر، فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ بە مەودا میدیای راگەیاند "بڕیارە رۆژی شەممە 17ی کانونی یەکەمی 2022 تەرمی ئاکام عومەر بە مەراسیمێکی تایبەت و بە ئامادەبوونی بەشێک لە بەرپرسان لەڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە لە وڵاتی ئەڵمانیاوە بهێندرێتەوە هەرێمی کوردستان".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد "سەرەتا تەرمەکەی شەهید ئاکام لە شاری سلێمانی دەبرێتە فەرماندەیی، دواتر  دەبرێتەوە شاری هەولێر و لەوێ بەخاکدەسپێردرێت و یەکەم رۆژی پرسەکەی لە شاری هەولێر دەبێت و دووەم رۆژی پرسەکەشی لە شاری سلێمانی".

لەزاری کەسێکی نزیک لە  ئاکام عومەر، بڕیار وابوو رۆژی هەینی تەرمی شەهید ئارام لە ئەڵمانیاوە بگاتەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام بە هۆی ئەو رێکارانەی بۆ هێنانەوەی تەرمەکە لە ئەڵمانیا پێویستە ئەنجامبدرێت، هێنانەوەی تەرمی شەهید ئاکام دواخرا بۆ رۆژی شەممە.   

لە 19ی تشرینی یەکەمی 2022 لەکاتی جێبەجێکردنی ئەرکی فەرمیدا و سەرپەرشتیکردنی ئۆپەراسیۆنێک لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەڵکانە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش چەند بۆمبێکی چێندراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوە و لە ئەنجامدا ئاکام عومەر، فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان بە سەختی برینداربوو و ملازم زوھێر محەمەد شەھید بوو و حەوت  پێشمەرگەی دیکەی ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربوون، لە دوای چەند رۆژێک مانەوەی ئاکام عومەر لە نەخۆشخانەی فاروق لە سلێمانی بە مەبەستی چارەسەر گەیەندرایە وڵاتی ئەڵمانیا، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ئێوارەی رۆژی 12ی کانونی یەکەمی 2022 لە وڵاتی ئەڵمانیا شەهیدبوو.


ژ.م
Qaiwan
Qaiwan