کوردستانی

پێشمەرگەیەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا

مەودا میدیا - سلێمانی |


پێشمەرگەیەک بە دەستڕێژی گولـلە کوژرا
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

بەیانی ئەمڕۆ شەممە لە گەڕەکی راپەڕینی قەزای قەڵادزێ تەرمی کەسێک دۆزرایەوە کە پیشەی پێشمەرگە بووە و کە دەستڕێژی گولـلەی لێکراوە و کوژراوە.

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە مەودا میدیای رایگەیاند "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 17ی کانونی یەکەمی 2022 هێزەکانمان ئاگادارکران بە بوونی حاڵەتێکی کوشتن لە گەڕەکی راپەڕین نزیک گۆڕستانی راپەڕین، پاشان دەرکەوت هاوڵاتییەک بەناوی (ق. م. م) رەگەزی نێر، دانیشتووی قەڵادزێ گەڕەکی (ئیمام قاسم) پیشەی پێشمەرگە لە لیوای 7ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە تەرمەکەی لەسەر شۆفڵکەی دۆزراوەتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد "بەپێی زانیاریە سەرەتایەکان ئەو هاوڵاتییە شۆفڵی پێبووە ویستوویەتی بچێتە سەرکار، بەڵام بەڕێگەوە بە چەکی کڵاشینکۆف دەستڕێژی گولـلـەی لێکراوە و بەو هۆیەشەوە بەسەر شۆفڵەکەیەوە کوژراوە کە شوێنەواری دوو فیشەک بەسەر جەستەیەوە هەیە".

ئەوەشی خستەڕوو "هەر دوای رووداوەکە هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی قەڵادزێ گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست و دوای گرتنەبەری رێوشوێنەکان تەرمەکەیان گواستووەتەوە بۆ نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan