کوردستانی

ئامادەكارییەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە كوێ گەیشتووە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئامادەكارییەكان بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە كوێ گەیشتووە؟
مەودا میدیا-كاروان محمود 

هەرچەندە تەمەنی پەرلەمانی كوردستان درێژكرایەوە بە ئومێدی ئەوەی تا ساڵی داهاتوو ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن و هەموار كردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆ لەوبارەیەوە نەكراوە و جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستانیش دەڵێت "ئەو پرسە چەندە یاساییە ئەوەندەش سیاسییەو پێویستە لایەنەكان كۆببنەوە و ئەو پرسە یەكلایی بكەنەوە، بەڵام بەداخەوە ئەوەی دەبینرێت دووركەوتنەوە زیاتر بەدی دەكرێت لە ئێستادا". 

عەباس فەتاح، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان بە مەودا میدیای راگەیاند "پرسی هەڵبژاردن و یاسای هەڵبژاردن چەندە یاساییە ئەوەندەش سیاسییە بۆ ئەوەش دەبێت لایەنەكان رێكبكەون دواتر لە پەرلەمان گفتوگۆی لەسەر بكرێت، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێستا دەبینرێت نەك رێككەوتن نەكراوە بەڵكو دووركەوتنەوە زیاتر دروستبووە، لەكاتێكدا دەبوو تەبایی زیاتر لە نێوان لایەنەكان دروستبوایەو ئەو كێشانەی لە رابردوو هەبوون چارەسەر بكرانایە".

لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەی ساڵێكدا وەكو پێشتر باسی لێوەكرا، جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان وتی "ناتوانرێت لەوە دڵنیا ببینەوە چونكە پەیوەندی بە دانیشتنی لایەنەكان هەیە و ئەگەر دانیشتن بكرێت بێگومان یاسای هەڵبژاردن و كاتی هەڵبژاردن قسەی لەسەر دەكرێت كەواتە ئەوەش پەیوەستە بە رێككەوتنی لایەنەكان ئەگەر رێككەوتن بكرێت بێگومان ئەو پرسەش یەكلایی دەكرێتەوە".

ك م 

Qaiwan
Qaiwan