کوردستانی

کەی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق پەسنددەکرێت و تاچەند لە بەرژەوەندیی کوردە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەی پرۆژە یاسای بودجەی عیراق پەسنددەکرێت و تاچەند لە بەرژەوەندیی کوردە؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایدەگەیەنێت پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان، پێشی وایە پرۆژە یاساکە لە سوودی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئاماژەی بەوەشکرد  ئەوەی گرنگە باسبکرێت تاوەکو پرۆژە یاسای بودجە دێتە پەرلەمانی عیراق بڕی ئەو 200 ملیار مانگانە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران.

سروە محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەبارەی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023 بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەم پرۆژەیە یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکان دوای ئەوەی کە حکومەت پرۆژەکە ئاماددەکات دوای گفتوگۆیەکی زۆر دێتە پەرلەمانی عیراقەوە، هەروەها دواخستنی پرۆژە یاسای بودجە بۆ درەنگ پێکهاتنی حکومەت دەگەڕێتەوە، لەبەرئەوەی حکومەتی کاربەڕێکەری عیراق نەیتوانی بودجە دیاریبکات، پێویستبوو حکومەت نوێ ئەو کارە بکات".

لەبارەی گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران وتی "لەئێستادا گفتوگۆیەکی تێروتەسەل لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراقدا هەیە، بۆ ئەوەی بگەنە رێگەیەکی یاسایی بۆ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2023 و کێشەکان چارەسەربکرێن".

ئاماژەی بەوەکرد "کۆبوونەوەکانی هەرێمی کوردستان و بەغدا بەردەوامی هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگە باسبکرێت تاوەکو پرۆژە یاسای بودجە دێتە پەرلەمانی عیراق بڕی ئەو 200 ملیارە دێتە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەخۆران، هەروەها ئێستا پەرلەمان لە پشوودایە دوای کۆتایی هاتنی پشووەکە یەکێک لەو پرۆژانەی دێتە پەرلەمان پرۆژە یاسای بودجەیە".

سروە محەمەد وتیشی "ئێمە گەشبینین بەوەی تێگەیشتن و گفتوگۆکانی هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عیراق لە ساڵی 2014وە تائێستا گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی تێگەیشتنی نێوانیان، ئەمەش دەگەڕێنینەوە بۆ ئەوەی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین کۆبوونەوەی گرنگی لەگەڵ حکومەتی عیراق ئەنجامدا و کۆمەڵە بەستەڵەکێکی زۆری لەنێوان هەردوو حکومەت لەسەر بودجە رەواندەوە، بۆیە پێم وایە بودجەی 2023 لە سوودی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبێت".

لەئێستادا حکومەتی عیراق بە سەپەرشتی محەمە شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2023ی عیراقە و چاوەڕواندەکرێت لە ساڵی نوێدا پرۆژە یاساکە بنێرێتە پەرلەمانی عیراق و پەسندبکرێت

س.ر
Qaiwan
Qaiwan