کوردستانی
بافڵ جەلال تاڵەبانی: تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کۆبووەوە.
لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ساڵح موسلیم و ئاسیا عەبدوڵڵا، ھاوسەرۆکانی پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی کورد و گۆڕانکارییە سیاسییەکان گفتوگۆیان لەبارەوەکرا و بە گرنگییەوە باس لە تەبایی و یەکڕیزیی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان و پرۆژە نیشتمانییەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرا کە خۆی لە یەکخستنەوەی نێو ماڵی کورد و بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و کوردستانییەکاندا دەبینێتەوە.
کۆبوونەکەوە جەختی لەدرێژەدان بە گفتوگۆی نیشتمانی و بونیادنەرانە کردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد لە رۆژئاوا، هەروەها بژاردەی سەربازی و شەڕ بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەکان رەتکرایەوە و داواکرا پشتیوانی لە دۆزی کورد بکرێت و دەرچەی سیاسی بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکاندا بدۆزرێتەوە.
لە بەرانبەردا ھاوسەرۆکانی پەیەدە ستایشی هەڵوێستی نیشتمانی و مێژوویی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان کرد بۆ یەکخستنی ریزەکانی گەلی کورد و رایانگەیاند "سەردانی سەرۆکی یەکێتی بۆ رۆژئاوا رەهەندێکی مێژوویی و نەتەوەیی لەخۆیدا هەڵگرتووە، بانگەوازێکی ئاشکرایە لەپێناو یەکڕیزیی گەلی کورد و هەوڵدان بۆ بەدیهێنانی مافەکانمان. ئەمەش هەمان سیاسەت و رێبازی سەرۆک مام جەلالمان دەهێنێتەوە یاد و بەهەمووشێوەیەک پشتیوانی لێدەکەین".
ھەر لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سیاسەت و هەڵوێستی یەکێتی روونکردەوە و رایگەیاند "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پشتیوانی هەموو خەباتێکی مەدەنی و ئاشتیانە دەکات لەپێناو پاراستن و بەدیهێنانی مافەکانی گەلی کورددا، لەسەر ھەمان رێچکەی سەرۆک مام جەلال درێژە بە سیاسەتی کوردستانیانەی خۆمان دەدەین و ئامانجمان یەکڕیزی و تەبایی نێو ماڵی کوردە، بۆ ئەمەش دەبێت هەموومان هاوکار و هەماهەنگ بین و کار بۆ پرسی کورد بکەین، چونکە تاوەکو کێشەی کورد چارەسەر نەکرێت، ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵات نایەتەدی".
س.ر
س.ر
بیروڕا


