کوردستانی

حكومەتی هەرێم لەبارەی 400 ملیار دینارەكە وەزارەتی دارایی راسپارد

مەودا میدیا - سلێمانی |


حكومەتی هەرێم لەبارەی 400 ملیار دینارەكە وەزارەتی دارایی راسپارد
مەودا میدیا-

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێشوازیی لە بڕیاری خەرجكردنی بڕی 400 ملیار دینار وەك شایستەی دارایی هەرێم كردو وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین كات رێكارەكانی ناردنی پارەكە تەواو بكرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەكانی هەرێم". 

ئەمڕۆ چوارشەممە 21ی كانوونی یەكەمی 2022 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە و لە كۆبوونەوەكەدا، ئەنجامی دواین سەردان و كۆبوونەوەكانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان لە گەڵ وەفدی دانوستانی حكومەتی فیدراڵ خرایەڕوو ئەنجومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حەفتەی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ كرد بۆ خەرجكردنی بڕی چوارسەد ملیار دینار وەك شایستەی دارایی هەرێم. هەروەها وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد لە پەیوەندی بەردەوام بێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ تا بە زووترین كات رێكارەكانی ناردنی پارەكە تەواو بكرێت بۆ ئەوەی بخرێتەوە خزمەتی خەرجییە گشتیەكانی هەرێم. 

ئەنجومەنی وەزیران وەفدی دانوستانكاریشی راسپارد كە لە دوای پشووەكانی سەری ساڵ، كۆبوونەوەكانییان لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ چڕبكەنەوە بە ئاراستەی بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی ساڵی 2021 و ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان هەتا پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ بۆ ساڵی 2023 لە لایەن ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە پەسەند دەكرێت هەروەك لە كارنامەی وەزاریدا هاتووە".

لە كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆ لەبارەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی كراو بڕیاریش درا كە هەوڵەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵ چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی بە پێی دەستووری هەمیشەیی عیراق، حكومەتی فیدڕاڵ بەرپرسیارێتی قەرەبووی شایستەی كەس و كاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی بگرێتە ئەستۆ، كە قوربانی دەستیی رژێمەكانی پێشوون و ئەمەش لە دەستووردا وەك ماف و شایستەی هەرێم جێگیركراوە.

لە بڕگەیەكی دیكەی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم "پلانی ساڵی 2023ی ئەنجومەنی پاراستن وچاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستانی لە بارەی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانكاریی كەش و هەوا و كاریگەرییە نەرێنییەكانی لە سەر هەرێمی كوردستان و عیراق خرایە روو جەخت لە پێویستی گرتنەبەری رێكاری پێویست لە لایەن وەزارەتەكان كرایەوە بۆ روبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی گۆڕانكاری كەش و هەوا لەوانە دروستكردنی بەنداو و پۆند، زیادكردنی رێژەی سەوزایی لە  هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی بڵاوبوونەوەی گازی ژەهراوی بە تایبەتی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و چەندین رێكاری دیكە ".

ك م 

Qaiwan
Qaiwan