کوردستانی

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوا كۆبوونەوەی ساڵی 2022ی ئەنجامدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوا  كۆبوونەوەی ساڵی 2022ی ئەنجامدا
مەودا میدیا-

مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبووەوە.
‏‎ئەمڕۆ 22ی 12ی 2022 لە دەباشان دوا كۆبوونەوەی ساڵی 2022ی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی بوو، بۆیە بەشێكی تەرخانكرا بۆ هەڵسەنگاندن و داڕشتنی بەرنامەی ساڵی داهاتووی خەباتی سیاسی و رێكخراوەیی یەكێتی.
‏‎
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی تیشكی خستەسەر وردەكاری سەردانەكەی بۆ رۆژئاوای كوردستان و دیدار و چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ جەنەراڵ مەزڵوم كۆبانێ و جەنەڕاڵ ماتیۆ مەكفارلان، فەرماندەی گشتیی ھێزەكانی ھاوپەیمانان لە عیراق و سوریا و سەرۆكایەتی پەیەدە و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كورد لە رۆژئاوای كوردستان و روونیكردەوە "هەموو لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا كۆكبوون لەسەر هەڵوێستە نیشتمانی و نەتەوەییە دروستەكانی یەكێتی كە هەمیشە پاڵپشتی خەباتی دیموكراتی و ئاشتیخوازانەی گەلی كورد بووە لە رۆژئاوا و لەكاتی تەنگانەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعشیشدا بە هەموو شێوەیەكی لۆجستی و سەربازی هاوكاریی براكانی خۆیان كردووە، كە هەر ئەوەشیان لە یەكێتی و حزبەكەی سەرۆك مام جەلال چاوەڕێكردووە و دەكەن".
‏‎
سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان  ئاماژەی بەوەكرد كە بە لایەنە كوردستانییەكانی راگەیاندووە كە یەكێتی وەك هەمیشە پشتیوانی خوشك و براكانی خۆی دەبێت لە رۆژئاوا بۆ بەدەستهێنانی ماف و داخوازییەكانیان بە ئاشتی، دیالۆگ و سیاسەتی ژیرانە وتیشی "لە بەرەنگاری هەڕەشەی تیرۆریستانیشدا پشتیوان و هاوكاری گەلەكەمان دەبین وەك ئەوەی پێشتر لە كۆبانێ و شوێنەكانی تریش كردوومانە. بۆ لەمەودواش بۆ چارەسەری ئاشتییانە و سیاسییانەی كێشەكان لەگەڵ لایەنەكانی پەیوەست بە دۆسێی رۆژئاوای كوردستان و سوریا هاوكار و پشتیوان دەبین".
‏‎
لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەی مەكتەبی سیاسی باسی دۆخی سیاسیی كوردستان كرا و جەخت لە سیاسەتی یەكێتی كرایەوە كە خزمەتكردنی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستانە بەبێ جیاوازی، كە بە دیدی یەكێتی هەر ئەو سیاسەتە دەبێتە مایەی باشكردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و لەم پێناوەشدا هەم لە كوردستان و لە بەغداش كار لەسەر پاراستنی یەكڕیزی لایەنە سیاسییەكانی وڵات دەكات لە چوارچێوەی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان و ئیستیحقاقە نەتەوەییەكانی لە عیراقدا.
‏‎
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی لەسەر كاروباری ڕێكخراوەیی مەكتەب و ئۆرگانەكانی یەكێتی هەڵوەستەی كرد و راسپاردەی پێویستی لەبارەوە دەركرا. 
‏‎
كۆبوونەوە لە میانی هەڵسەنگاندنی كاری رێكخراوەییدا جەختی لە داڕشتنی بەرنامەی ساڵی نوێ كردەوە كە پەرە بە گەشەی چۆنایەتی یەكێتی بدات. سەرۆك بافڵ بۆ چوارچێوەی بەرنامەی نوێ راسپاردەیدا ئەمساڵ بكرێتە ساڵی پتەوكردنی پەیوەندی هەڤاڵانە لەگەڵ تێكۆشەرانی دێرین و هەموو هەڤاڵانی یەكێتی لە هەموو ئاستەكانی خەبات و لە هەموو ئۆرگانەكاندا، چونكە بەرنامەمان ئەوەیە جۆشوخرۆشی یەكێتییانە ببێتە هەوێنی گەشەكردنی زیاتری یەكێتییەكەمان لە ناو جەماوەر و هەموو چین و توێژەكانی كوردەواری بەتایبەتی توێژی رووناكبیران، لاوان و ژنان كە ئەركی ئێمەیە خزمەتیان بكەین. بۆ ئەم مەبەستەش یەكێتییەكی چالاكترمان پێویستە.

 ك م 
Qaiwan
Qaiwan