کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی دەکات

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاسی محەمەد شیاع سودانی دەکات
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بڕیاری  تەملیککردنی زەوی، موڵک و خانووی ئێزیدییەکان لە قەزای شنگال ستایشی سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکات.

لە پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانیدا هاتووە "ستایشی بڕیارەکەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق دەکەین سەبارەت بە تەملیککردنی ئەو زەوی، موڵک و خانووانەی کە خوشک و برا ئێزدییەکان لە شنگال لە ساڵی (1975)ەوە تێیدا نیشتەجێن و لەلایەن حکومەتی بەعسی رووخاوەوە لێی بێبەشکرابوون".

ئەوەشخراوەتەڕوو "ئێمە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەم بڕیارە بە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکان دادەنێین پاش بێبەشکردن و پەراوێزخستنیان بۆماوەی چەندین ساڵ، هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆمان ئاڕاستەی سەرۆک وەزیران دەکەین بۆ ئەم بڕیارە بوێرانەیە".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە "روونیشیدەکەینەوە کە ئەم ڕێوشوێن و بڕیارانە لە چوارچێوەی داواکاری و بەرنامەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو بۆ گێڕانەوەی مافی ئێزدییەکان لە رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەتدا کە بە سوپاسەوە حکومەت وەڵامی دایەوە".

لە کۆتاییدا هاتووە "ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی کارا یارمەتیدەر دەبێت لە گێڕانەوەی ماف بۆ خوشک و برا ئێزدییەکانمان و هەڵگرتنی ئەو زوڵمەی کە چەندین ساڵە لە سەریانە. هەنگاوێکیشە بە ئاڕاستەی دووبارە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، سەقامگیری ئارامی و ئاسایش لە شەنگال و ئەو سنوورانەی دیکە کە نەهامەتی زۆریان چەشت بەهۆی داگیرکردنیان لەلایەن تیرۆریستانی داعش و کۆتاییهێنان بەو ئازار و نەهامەتییانەی دووچاری کەسوکارەکانمان بووەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan