کوردستان محەمەد

کوردستان محەمەد

ژن و خۆنوێکردنەوە

خۆنوێکردنەوە بۆ هەر کەس و لە هەموو ئاستەکاندا گرنگ و پێویستییە، بەتایبەت بۆ ژنان کە لە قۆناغی بەدەستهێنانەوەی مافەکانیاندان، قۆناغێک کە ژنان لە هەموو کەس زیاتر دەتوانن تیایدا بەشداربن و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر بارودۆخی ژیانی خۆیان و بزووتنەوەکەیان دروستبکەن.

خۆنوێکردنەوە لە بیرکردنەوەوە بۆ شێوازی کارکردن و گەڕان بەدوای ئەزموونە ناوازەکاندا، لە (خوێندن)ەوە بۆ خوێندنەوە، لە گەڕانەوە تا خەونبینین و رۆیشتن بەدوای ئامانجە گەورەکاندا، هەموو ئەمانە لە هەنگاوی یەکەمەوە دەستپێدەکەن کە بڕوا بەخۆبوون و ئیرادە و ویستی سەرکەوتنە، ئەوەش هێزی زۆری کارکردنی دەوێت.

ژن لەبەردەم ئاڵنگاریی گەورەی کار و خەباتدایە، کار بۆ ئەوەی دەرفەت بڕەخسینێ لەهەمبەر بوون بە خاوەن ئابووریی سەربەخۆ کە ئەوەش دەرگای زیاتری خۆنوێکردنەوەی بۆ دەکاتەوە، خەباتیش بۆ ئەوەی بیکاتە میکانیزمی وەرگرتنەوەی مافەکانی، کە مێژوویەکە بە چەندین هۆکار لێی دزراوە و ئاسانیش وەرناگیرێتەوە.

ئەزموونی بزووتنەوەکانی ژنان لەسەر ئاستی جیهان پڕن لە هەوراز و نشێو، سەرکەوتن و داکەوتن، هەندێکجار زاڵبوونی رەوتی دژە مافەکانی ژنان، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان وێستگەی نوێبوونەوە و خۆنوێکردنەوە و سەرکەوتن بەسەر بیری کۆنەپەرستیدا هەن، بەرهەمی ئەو خەباتە ئەوەیە لە سەر ئاستی جیهان و لای چەندین وڵات و گەل، ژنان بوونەتە خاوەن بەشێکی زۆری مافەکانیان و سەرچاوە و هێزیش بۆ ژنان و بزووتنەوە ئازادیخوازەکانیان لە شوێنەکانی دیکەی جیهان و جۆرێک لە هاوئاهەنگیش لەنیوانیاندا هاتووەتە کایەوە و رەوتی خەباتی ژنانی زیاتر بەرەوپێش بردووە.

وتارەکانی تری نووسەر

Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan