کوردستانی
دوو مامۆستای ئایینی دیکە دەستبەسەر کران
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
دوو مامۆستای ئایینی خەڵکی شاری جوانڕۆ لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون. هاوکات دوو مامۆستای دیکەی خەڵکی شاری جوانڕۆ لەلایەن ئەو هێزانەوە ڕفێندراون کە بەوتەی کەسوکاریان تا ئێستا چارەنووسییان دیار نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕۆژی سێشەممە، 31ی مانگ، مامۆستا فاروق قادری خەڵکی شاری جوانڕۆ، پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە، بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە، هەروەها شەوی دووشەممە، 30ی مانگ مامۆستا یاسر کەریمی، خەڵکی جوانڕۆ و مامۆستای زانستە ئایینییەکانی قوتابخانەی "نەنەڵە"ی شاری سنە، پاش ئەوەی کە لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە لەو شارە بانگهێشت کراوە، دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.
هاوکات چەند رۆژێک پێش ئەو رووداوە، دوو مامۆستای دیکەی ئایینی بە ناوەکانی "ئیبراهیم کەریمیی نەنەڵە، خەڵکی جوانڕۆ و برای مامۆستا یاسر کەریمی و مامۆستا لوقمان ئەمینی" خەڵکی شاری پاوە دەستبەسەر کراون.
چەند رۆژێکە هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەستییان کردووە بە گرتن و دەستبەسەرکردنی مامۆستایانی ئایینی.
ژ.م
ژ.م