کوردستانی

قوربانی بوونی 36 هاوڵاتیی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی 2022 دا

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوربانی بوونی 36 هاوڵاتیی لە کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین لە ساڵی 2022 دا
مەودا میدیا- 
 

تەقینەوەی مینی چێندراوی سەردەمی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عیراق و هەروەها ئەو مینانەی کە ئەم دواییانە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە چێندراوە لە کوردستان بە بەردەوامی خەڵکی مەدەنی دەکاتە قوربانی و لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 30% قوربانییەکانی منداڵبوون.


بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 36 هاوڵاتیی لە سنوورەکانی کوردستان بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی. 

ئەم ئامارە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشووتر کە 43 حاڵەتبووە، 7 حاڵەت واتە %16 کەمیکردووە.

لە کۆی ئەو 36 کەسە 6 کەسیان گیانی لەدەست داوە و 30 دیکە برینداربوون یان بەشێک لە جەستەیان لەدەستداوە. ساڵی پێشووتر 15 کەس کوژرابوون و 28 کەسیش بریندار و کەمئەندامبوون.

بە پشتبەستن بە ئامارەکانی هەنگاو %30.5 ی کۆی حاڵەتەکان واتا 11 حاڵەتی قوربانیانی مین لە کوردستان لە ماوەی ساڵی 2022 دا منداڵ و تەمەنیان ژێر 18 ساڵبووە.

ساڵی ڕابردوو منداڵێکی 12 ساڵان بە ناوی "کیان ڕەحمەتی" لە سنووری دێهلۆڕان بە هۆی تەقینەوەی مین کوژراوە و 10 منداڵی دیکەش لە سنوورەکانی "ئورمیە، دێهلۆڕان، مێهران، بانە و قەسری شیرین" بریندار بوون. هەروەها لانی کەم پێنج ژن لە شارەکانی ئورمیە، دێهلۆڕان 3 حاڵەت و سەقز بوونەتە قوربانی.

 
جیاکردنەوە بە پێی پارێزگاکان

لە ساڵی ڕابردوودا زۆرترین قوربانییەکانی مین لە سنووری پارێزگاکانی ئیلام و سنە بە 14 و 11 حاڵەت تۆمارکراوە.

 پارێزگای سنە: 11 حاڵەت کە بریتییە لە 2 کوژراو و 9 بریندار

پارێزگای ئیلام: 14 حاڵەت کە بریتییە لە  2 کوژراو و 12 بریندار

پارێزگای ئورمیە: 5 حاڵەت کە بریتییە لە 1 کوژراو 4 بریندار

پارێزگای کرماشان: 6 حاڵەت کە بریتییە لە 1 کوژراو 5 بریندار


جیاکردنەوە بە پێی توێژی کۆمەڵایەتی

زۆرترین قوربانیانی مین لە کوردستاندا لە ماوەی ساڵی 2022 لە توێژی کرێکاربوون کە لەو ماوەیەدا 21  کۆڵبەر، شۆفێر، شوان و کرێکار بە هۆی تەقینەوەی مین بوونەتە قوربانی.

 کرێکار: 21 حاڵەت (2 کوژراو و 19 بریندار)

 سەربازی: 4 حاڵەت: (2 کوژراو و 2 بریندار)

 مەدەنی: 11 حاڵەت ( 2 کوژراو و 9 بریندار)

هەرچەندە لە یاسا نێودەوڵەتییەکان کەڵک وەرگرتن لە مینی چێندراو بە تەواوەتی قەدەغە نەکراوە، بەڵام هەندێک بەربەستیان بۆ ئەوەی ئاسەوارەکانی بە کەمترین ئاستی خۆی بگات بۆ داناوە. بە نموونە لایەنەکانی شەڕ دەبێت نەخشەکانی ئەو کێڵگانەی کە مینیان تێدا چێندراوە ڕابگرن و دوای تەواوبوونی شەڕ ئەو کێڵگانە بە مەبەستی پشتگیری لە هاوڵاتییانی مەدەنی خاوێن بکەنەوە و مینەکان پووچەڵ بکەنەوە.

 
ژ.م
Qaiwan
Qaiwan