کوردستانی

ئاگاداری نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا چی لێدێت؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


ئاگاداری نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا چی لێدێت؟
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

دوای زیاتر لە مانگێك بەرزبوونەوە بەهای دۆلار دووبارە رووی لە دابەزینکرد و بەڕێوبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانیش دەڵێت " بە دابەزینی بەهای دۆلار نرخی کاڵا و شمەک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت".

سۆران غەفور، بەڕێوبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى لەبارەی گۆڕانکارییەکانی بەهای دۆلار و کاریگەریی لەسەر نرخی کاڵا و شمەک لە بازاڕەکاندا بە مەودا میدیای راگەیاند "بە دڵنیاییەوە بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار نرخی شمەک لە بازاڕەکاندا بەرزدەکاتەوە، بۆیە بە دابەزینی بەهای دۆلار نرخی کاڵا و شمەک بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزین بەخۆیەوە دەبینێت".

ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە بەردەوام لیژنەکانمان چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکات بە مەبەستی رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا و شمەک، هەرکەسیش نرخ زیادبکات بەبێ هۆکار سزا دەدرێت".

بەڕێوبەرى چاودێرى بازرگانى سلێمانى ئەوەشی خستەڕوو "لە سلێمانی نرخەکان بەرزبوونەوەیەکی کەمی بەخۆیەوە بینیبوو، بەڵام بە دابەزینی دۆلار ئەو بەرزبوونەوەیەش نامێنێت و نرخەکان روو لە دابەزین دەکەن".

ماوەی زیاتر لە مانگێکە دۆلار بەرانبەر بە دینار بە جۆرێک بەرزببووەوە بەهای 100 دۆلار 170 هەزار دیناری تێپەڕاندبوو، بەڵام دوای بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەبارەی جێگیرکردنی بەهای 100 دۆلار بە 130 هەزار دینار لە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە 6ی شوباتی 2023 بەهای دۆلار رووی لە دابەزینکرد.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan