کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ کاک شەوکەت نموونەی شۆڕشگێڕی دڵسۆز و وەفاداری کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی بوو

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ کاک شەوکەت نموونەی شۆڕشگێڕی دڵسۆز و وەفاداری کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی بوو
مەودا میدیا-


لە بیستەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردە شەوکەتی حاجی موشیر و هەردوو فەرماندە "حیکمەت حاجی عوسمان و سەردار غەفوور سلێمان"، بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەیامێکی بڵاوکردەوە.


دەقی پەیامەکەی بافڵ جەلال تاڵەبانی؛ 

لە بیستەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردەی تێکۆشەر کاک شەوکەتی حاجی موشیر و هەردوو فەرماندە (حیکمەت حاجی عوسمان و سەردار غەفوور سلێمان)دا، بەڕێزەوە یادی جوامێری و قارەمانێتی ئەو رۆڵە بەئەمەکانەی نیشتمان دەکەینەوە.

کاک شەوکەت نموونەی شۆڕشگێڕی دڵسۆز و وەفاداری کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، بەو ئازایەتی و نەبەردییەی لە بەرەی پێشەوەی شەڕەکاندا تۆماریکردبوو، ببووە جێگەی متمانەی سەرۆک مام جەلال. ئەو فەرماندەیەک بوو کە هەرگیز لە بەرپرسیارێتی راینەدەکرد و بە ئەوپەڕی ورەوە رووبەڕووی مەترسییەکان دەبووەوە و دواجار هەر لەو پێناوەشدا گیانی پیرۆزی بە کوردستان و خەڵکەکەی بەخشی.

ئەمڕۆ لەم یادە شکۆدارەدا بەڵێن بۆ رۆحی شەهیدان و خەڵکە خۆشەویستەکەمان دووپاتدەکەینەوە کە بۆ هەمیشە پارێزەری ئارامی و ئاسایشی خاکە خۆشەویستەکەمان دەبین و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادەین ژیان و سەقامگیریی خەڵکەکەمان تێکبدات.

دروود بۆ رۆحی شەهیدان و سەربەرزی بۆ خانەوادە خۆڕاگرەکانیان


بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان


ژ.م
Qaiwan
Qaiwan