کوردستانی

رووداوێکی فەلەکی لە ئاسمانی هەرێم روودەدات

مەودا میدیا - سلێمانی |


رووداوێکی فەلەکی لە ئاسمانی هەرێم روودەدات
مەودا میدیا -
 
دیاردەی بەیەک گەیشتنی زوهرە و موشتەری 15 ساڵ لەمەوبەر  روویداوە و ئەمساڵیش دووبارە دەبێتەوە، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان رایدەگەیەنێت کە دوو تەنی رووناک لە ئاسمانی رۆژئاوای هەرێم بەدەرکەوتوون و زیانی لەسەر گۆی زەوی نییە.
 
ئەمڕۆ 26ی شوباتی 2023 ئەژی چەتۆ، سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان رایگەیاند "چوار رۆژە لە ئاسمانی کوردستان و نیوە گۆی باکوری زەوی دیاردەی بەیەکگەیشتنی نێوان هەروو هەسارەی زوهرە و موشتەری روویداوە، دیاردەکە بە (بەیەکگەیشتن) ناسراوە و بۆی هەیە دوو هەسارە زیاتر و مانگیش ئەم بەیەکگەیشتنە بیانگرێتەوە ".
 
سەرۆکی رێکخراوی فەلەکناسانی کوردستان باس لەوەشدەکات "ئەم دیاردەیە چەندین ساڵ جارێک دووبارە دەبێتەوە و کۆتا جاریش ساڵی 2008 بووە کە بەیەکگەیشتن روویدا و هۆکارەکەی بۆ خولگەی سووڕانەوەی هەسارەکان دەگەڕێتەوە بە دەوری خۆردا ".
 
ئەوەشی خستەڕوو "دیاردەکە هیچ کاریگەرییەکی لەسەر زەوی نییە و سوودی زۆرە لەڕووی زانستی و فەلەکناسییەوە بەتایبەت روانگەی وردی خێرایی خولانەوە و جوڵەی هەسارەکانی ناو سیستمی کۆمەڵەی خۆر".
 
سەبارەت بە کۆتایی هاتنی ئەم دیاردەیە دەڵێت "رۆژەکانی یەک و دووی مانگی ئازار هەردوو هەسارەکە دەگەنە نزیکترین خاڵ و بە چاوی خۆمان دەیبینین، دواتر وردە وردە لە یەکتری دووردەکەونەوە ".

ر.ع
Qaiwan
Qaiwan