کوردستانی

پەیامێک لە کۆسرەت رەسوڵ عەلییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


پەیامێک لە کۆسرەت رەسوڵ عەلییەوە
مەودا میدیا -
 
لە یادی 32 ساڵەی راپەڕیندا کۆسرەت رەسوڵ عەلی رایدەگەیەنێت کە بە دەستپێشخەری یەکێتی و هێزە کوردستانییەکان لە بەرەی کوردستانی بەرنامەیەکی تۆکمەمان دانا و بە بەشداری کۆمەڵانی خەڵک و هاوکاری ئەوان سەرجەم ناوچەکانی کوردستان لە رژێمی بەعس پاککرایەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە 4ی ئازاری 2023 کۆسرەت رەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە پەیامێکیدا بەبۆنەی یادی 32 ساڵەی راپەڕینەوە رایگەیاند "داوا لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان دەکەم لە پێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و زاڵبوون بەسەر هەموو قەیرانەکاندا، پێویستە لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و کۆتایی بە کێشەکان بهێنین، چیتر کوردستان نەکرێتە قوربانی بەرژەوەندی حزبی ".
 
دەقی پەیامەکەی کۆسرەت رەسوڵ عەلی:  

لە (32)هەمین ساڵیادی راپەڕینی خەڵکی کوردستان دژی رژێمی بەعسی فاشیست لە رانیەی دەروازەی راپەڕینەوە تا کەرکووکی سەری کوردستان، پیرۆزبایی گەرمی خۆم ئاراستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و پێشمەرگە قارەمانەکان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و ئومێدەوارین لەئاست گەورەیی ئامانجەکانی راپەڕیندا بین و کوردانەو دڵسۆزانە خزمەتی گەلەکەی خۆمان بکەین.

ئەوێ رۆژێ، لەوکاتەی رژێمی بەعس لەلووتکەی هێزی خۆیدا بوو، بە دەستپێشخەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هێزە کوردستانییەکان لە بەرەی کوردستانی بەرنامەیەکی تۆکمەمان داناو بەهاوکاری و بەشداری کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان سەرجەم شارو شارۆچکەکانی کوردستان ئازادکراو لە رژێمی بەعس پاککرایەوە.

ئەمڕۆ دوای تێپەڕبوونی (32) ساڵ بەسەر راپەڕینە جەماوەرییەکەی خەڵکی کوردستان، بەداخەوە دۆخی کوردستان بە قۆناغێکی هەستیارو مێژوویدا تێپەڕ دەبێت و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە ئاستی پێویستدا نییەو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان چاویان لە خزمەتکردنی زیاترە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بە دەرفەت دەزانم داوا لە هێزو لایەنە سیاسییەکان بکەم لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری گەلەکەمان و زاڵ بوون بەسەر کێشە و قەیرانەکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و کێشەکان کۆتایی پێ بهێنن و چیتر کوردستان نەکەنە قوربانی بەرژەوەندی تەسکی حزبی و هەموو لایەک هەوڵ بدەن بۆ خزمەتکردنی خەڵکی خۆمان، ئەو خەڵکەی لەرۆژگارە خۆش و ناخۆشەکاندا پشتیوانمان بوونە.

دووبارە پیرۆزبایی ئەم یادە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەم و سەری رێزو نەوازش بۆ شەهیدان دادەنوێنین.


کۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
Qaiwan
Qaiwan