کوردستانی

کەی نرخی مریشک دادەبەزێتەوە؟

مەودا میدیا - سلێمانی |


کەی نرخی مریشک دادەبەزێتەوە؟
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان 

سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان رایدەگەیەنێت کە بەرزبونەوەی نرخی مریشک کاتییە و نرخەکەی لە ئێستادا لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان بۆ سەروو 4000 دینار بەرزبووەتەوە.
 
ئەمڕۆ 8ی ئازاری 2023 نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە مەودا میدیای راگەیاند "مریشک گران نەبووە بەڵکو تێچووی کێڵگە پەلەوەرییەکان زۆر بەرزبووەتەوە وەک عەلەف و جوجک و دەرمان، حکومەتی هەرێمیش هیچ ئاسانکارییەکی بۆ خاوەن پڕۆژەکان نەکردووە ".
 
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئەوەشی خستەڕوو "بارگرانییەکی دیکەی سەر خاوەن پرۆژەکان بەهای دۆلارە چونکە هەموو پێویستییەکان بە دۆلار دەکڕین و بە دینار بەرهەمەکانمان دەخەینەوە بازاڕ، توانای کێڵگە پەلەوەرییەکانیشمان ئەوەندە زۆرە کە دەتوانین مریشک رەوانەی دەرەوەی هەرێمیش بکەین ".
 
باسی لەوەشکرد "ئەم بەرزبوونەوەیەی نرخی مریشک 20  رۆژ بۆ مانگێک دەخایەنێت، حکومەت دەتوانێت لەکاتی هەرزانی مریشکدا لە رێگەی سەربڕینخانەکانییەوە زەخیرە بکات و لەکاتی گرانبوونەوەی مریشکدا بیکاتەوە بازاڕ، بەم شێوەیەش نرخی مریشک لە ئاستێکدا جێگیر دەبێت و ئەمەشمان چەندین جار بە لایەنە پەیوەندیدارەکان وتووە بەڵام گوێمان لێناگیرێت ".
Qaiwan
Qaiwan