کوردستانی

بافڵ جەلال تاڵەبانی بە محەمەد شیاع سودانی: جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


بافڵ جەلال تاڵەبانی بە محەمەد شیاع سودانی: جەخت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە
مەودا میدیا-

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازی لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق و شاندێکی یاوەری کرد.

لە دیدارەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی سوپاس و پێزانینی ئاڕاستەی سەرۆک وەزیرانی عیراق کرد لە بەرانبەر تەواوکردنی رێکارە فیدراڵییەکانی بە پارێزگاکردنی هەڵەبجە و داوایکرد، ئەمە سەرەتایەکی گرنگ بێت بۆ خزمەتکردنی هەڵەبجەییەکان و حکومەتی عیراقیش مافە یاسایی و دەستوورییەکان بەرامبەر هەڵەبجە جێبەجێبکات. وتیشی، دەبێت هەنگاوی کرداری بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە بنرێت و بارتەقای قوربانیدانەکەی خزمەت بکرێت. لەبارەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەش سەرۆک بافڵ وتی، هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە سەقامگیریی ئابووری و ژیانی هاوڵاتیان پارێزراوبێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشکرد "جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا دەکەینەوە و بەشێوەیەک کە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد پارێزراوبێت، هەروەها پێویستە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زاڵبکرێت و هەمووان بە ئاڕاستەی ئاوەدانی و سەقامگیری هەنگاو بنێن".

هەر لە دیدارەکەدا محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق وێڕای ئەوەی سوپاسی بافڵ جەلال تاڵەبانی و یەکێتی کرد لەبەرانبەر رۆڵ و هەڵوێستی سیاسیی ئەرێنیان لە عیراق و سەرخستنی بەرنامەکانی حکومەت و رایگەیاند "ئەو میراتە دەوڵەمەندەی سەرۆک مام جەلال جێیهێشتووە بەرپرسیارێتییەکی مەزن و گرنگە تا هەموولایەک پێوەی پابەندبن. وتیشی، سەقامگیریی سیاسی عیراق بە سەقامگیریی سیاسیی هەرێمەوە بەستراوە و ئەرکی حکومەتیشە خزمەتی هەمووان بکات و پرۆسەی چاکسازی بەردەوامی هەبێت".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan