کوردستانی

قوباد تاڵەبانی: دەستی ئاشتەوایی درێژدەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان

مەودا میدیا - سلێمانی |


قوباد تاڵەبانی: دەستی ئاشتەوایی درێژدەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین بە مەرجی جێبەجێکردنی داواکارییەکانمان
مەودا میدیا-

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی کوردییەوە، ئەمڕۆ دووشەممە، 20-3-2023 پەیامێکی بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا داوای لە قوباد تاڵەبانی و تیمی وەزاریی یەکێتی کرد "لەدوای کۆتاییهاتنی پشووەکانی نەورۆز، بگەڕێنەوە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران".
 
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا وەڵامی داواکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دایەوە و رایگەیاند "لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژدەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاریی کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاریی هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بە بەڵێنی جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین".

ئاماژەی بەوەشکرد "کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردووین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بووژانەوەی ئابووری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوادەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاووڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین".
 
س،ر
Qaiwan
Qaiwan