کوردستانی

باندێکی مەترسیدار دەستگیرکران

مەودا میدیا - سلێمانی |


باندێکی مەترسیدار دەستگیرکران
مەودا میدیا-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر دەستگیردنی باندێکی دزیکردنی راگەیاند کە بڕی 80 هەزار دۆلار و نۆ ملیۆن دیناری دیکەیان دزیوە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "دوای ئەوەی رۆژی 14ی ئاداری 2023 هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کەوا بڕی 80 هەزار دۆلاریان لەنێو ئۆتۆمبێلەکەیدا لێ دزاراوە، هێزەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتیی پارێزگای هەولێر تیمێکی لێکۆڵینەوەیان پێکهێنا و لێکۆڵینەوەیان دەستپێکرد".

ئاماژەی بەوەشکرد "لەکاتی لێکۆڵینەوەدا دەرکەوت و دوو ژن و کەسێکی دیکە تاوانی دزیکردنەکەیان ئەنجام داوە، دوای ئەوەی دادوەر فەرمانی دەستگیکردنی بۆ دەرکردن، توانرا لەنێویاندا چەند باندێکی گەورەی دزیکردن دەستگیربکرێن کەوا پێکهاتبوون لە چوار ژن و سێ مێردمنداڵی کچ کە تەمەنیان لەنێوان 13 بۆ 17 ساڵیدا بوو، لەگەڵ پیاوێک".

وتەبێژی پۆلیسی هەولێر وتی "تاوانباران هەڵدەستان بە وەستان لە رێگەکانی هەولێر و موسڵ، لەگەڵ ئۆتۆمبێلەکان سەردەکەوتن و هەرچی هەبووایە دەیاندزی، ئەو شتانەی دەستیان بەسەردا گیراوە کە لەلایەن باندەکە دزراون بریتین لە 80 هەزار دۆلار، بڕی چوار ملیۆن دینار و پێنج ملیۆن دیناری دیکەش کە لە کەسانی دیکە دزراون".

پۆلیسی هەولێر داواشی لە هاوڵاتییان و شۆفێرانی سەر رێگە دەرەکییەکان کرد، هەرکاتێک ئەو ئافرەتانە دەستیان لێ راگرتن نەوەستن و سواری ئۆتۆمبێلەکانیان نەکەن، بۆ ئەوەی تووشئ ئەم جۆرە کێشانە نەبن.

س.ر
Qaiwan
Qaiwan