چاوپێكەوتن

"ئەو داگیرکارییە فراوانەی لە کەرکوک هەیە لێکەوتەی ئەو ریفراندۆمەیە کە مەسعود بارزانی ئەنجامی دا"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئەو داگیرکارییە فراوانەی لە کەرکوک هەیە لێکەوتەی ئەو ریفراندۆمەیە کە مەسعود بارزانی ئەنجامی دا"
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت لە گوندەکانی تۆپزاوا و یایچی و ترکلان لە کەرکوک لەسەر زەوی و زار کێشە لەنێوان سوپای عیراق و جوتیاراندا هەیە، ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتییش دەڵێت "ئەو داگیرکارییە فراوانەی لە کەرکوک هەیە لێکەوتەی ئەو ریفراندۆمەیە کە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا"، جوتیارێکیش لە گوندی تۆپزاوا ئاماژە بەوەدەکات ناکرێت 20 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە ئێستا کار بە بڕیاری ئەو بکرێت.

ساتع ناسح، جوتیارێکی گوندی تۆپزاوای کەرکوکە قسەی بۆ مەودا میدیا کرد و وتی "دوو مانگ پێش ئێستا سوپای عیراق هاتنە گوندەکەمان و داوای 4500 دۆنم زەوییان کرد کە سەرجەمیان هی خەڵکی تۆپزاوان کە کوردن و کشتوکاڵی لێدەکەن".

فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیاری داگیرکردنی زەوییەکانی جوتیاران لە کەرکوک بە مەودا میدیای راگەیاند "لە ماوەی رابردوودا لە گوندەکانی تۆپزاوا و یایچی و ترکلان لە کەرکوک گرفتێک لەنێوان حکومەتی عیراق و جوتیارانی ئەو سنوورە دروستبوو کە کورد و تورکمان لەو ناوچانە دەژین خاوەنی زەوی و زاری ئەو ناوچەیەن".

فریاڵ عەبدوڵڵا، ئەندامی سەرکرادیەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە مەودا میدیا راگەیاند "بەردەوامی هێزی داگیرکاری عەرەبە هاوردەکان بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانی کوردان لە شاری کەرکوک ناڕەزایەتییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە، بەهۆی ئەوەی واتێدەگەن کە ئەم جۆرە داگیرکارییە درێژەپێدەری سیاسەتی تەعریبی حکومەتی بەعسە".

فەهمی بورهان دەڵێت "لە ساڵی 1975 بە بڕیاری 369 ئەو زەوی و زەرانە دراوەتە وەزارەتی بەرگریی و شارەوانی حکومەتی ئەوکات، ئێستا حکومەت دەیەوێت ئەو زەویانە بکات بە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ پلە باڵاکانی سوپای عیراق، بەڵام ئەم جۆرە کارانە خزمەتی ئەو بارودۆخە ناکات کە لە کەرکوک هەیە، چونکە جوتیارانی ئەو ناوچانانە خاوەنی یاسایی ئەو زەوییانەن، ئێستا بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک و گرتنەبەری رێکار یاسایی دوایینکردووە چۆڵی بکەن ئەو زەوییانە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی ئاماژە بەوەدەکات "ئەم داگیرکارییە فراوانە لێکەوتەی ئەو ریفراندۆمەیە کە سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دا وەک سەپاندنێک بەسەر ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها هەبوونی پارێزگارێکی شۆڤینی لە کەرکوک کە هەمیشە هەوڵی دروستکردنی دژایەتی دەدات لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان".

سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەشڵێت "ئەم بڕیارە پێچەوانەی ئەو بنەما دەستووریانەیە کە مادەی 140ی لەسەر دانراوە، بۆیە دەبێت تاوەکو مادەی 140ی دەستوور جێبەجێ نەکرێت لە کەرکوک دەست بۆ هیچ بەڵگەیەک نەبرێت، بەڵام بەڕای ئێمە ئەم بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە".

لەبارەی ئەوەی پێویستە چی بکرێت فریاڵ عەبدوڵڵا وتی "پێویستە حکومەتی عیراق هەڵوێستە لەسەر ئەم پرسی داگیرکارییە وەربگرێت و گوێ لەو سکاڵایانە بگرێت کە دەکرێت و رێگری بکات ئەم جۆرە داگیرکارییە رووبدات لە کەرکوکدا، هەروەها دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش خۆی بە خاوەنی ئەو کەیسە بزانێت و داکۆکی بکات لەسەر کەرکوک و کەرکوکییەکان".

ساتع ناسح وتیشی "داواکارین لە سەرۆک وەزیرانی عیراق و پەرلەمان و لایەنی پەیوەندیدار کە ئەم بڕیارەی سەردەمی رژێمی بەعس هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە ناکرێت 20 ساڵە رژێمی بەعس رووخاوە ئێستا کار بە بڕیاری ئەو بکرێت".

ئیداره‌ی پارێزگاری كه‌ركوك بڕیاریداوه‌ نزیكه‌ی 12 هه‌زار دۆنم زه‌وی له‌ زه‌وییه‌كانی كورد و توركمان لە گوندەکانی تۆپزاوا و ترکلان و یایچی بكاته‌ یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون و دابه‌شی بكات، بۆیه‌ ئه‌وان شه‌قامی سه‌ره‌كی فڕۆكه‌خانه‌یان داخستووه‌، داوا ده‌كه‌ن ئه‌و بڕیاره‌ هه‌ڵبوه‌شێته‌وه‌.

س،ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان