د.نازەنین عوسمان

د.نازەنین عوسمان

ناڕەزاییەکانی ئیسرائیل

لەوەتەی دەوڵەتی ئیسرائیل لە 1948 دامەزراوە، یەکەم جارە ئەو وڵاتە بکەوێتە نێو کێشەیەکی نێوخۆیی لەو جۆرە، کە مەترسی لە نێو خۆیان دروست بکات و تووشی پێکدادانی نێوخۆیی ببنەوە. لەو چەند رۆژەی دوایی، نزیکەى 300 هەزار کەس رژانە سەر شەقامەکان و مانگرتن هەموو کایەکانی دەوڵەتی هەر لە فڕۆکەخانە، کەرتی تەندروستی و بازرگانی... گرتەوە. 

هۆکاری ئەم ناڕەزاییە، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرۆژەیاسایەی بێنیامین نەتەنیاهۆ لە 4ی کانوونی دووەمی 2023 پێشکەشی کرد، کە تیایدا داوای کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەری دەکات. پێشکەشکردنی ئەم پرۆژەیاسایە، دوای وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانە بۆ جاری سێیەم لە 29ی کانوونی یەکەمی 2022، کە پێشتر دوو جار لە ساڵەکانی (1996 بۆ 1999) و (2009 بۆ2021) سەرۆکوەزیر بووە و بەمەش درێژین ماوە لەو پۆستەدا بووە. ئەم جارە، دوای یائیر لاپید، کە بۆ ماوەی چەند مانگێک سەرۆکوەزیرانی کاتیی بوو و ئێستا لە ئۆپۆزسیۆنە و سەرۆکی پارتی (یەش ئاتید)ە، ئەو پۆستەی وەرگرتەوە.

ئیسرائیل هیچ دەستوورێکی نووسراوی نییە و دەسەڵاتەکان بەسەر سێ بەش (یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری)یدا دابەش کراون:
دەسەڵاتی یاسادانان: بریتییە لە ئەنجومەنی یاسادانانی نیشتمانی (پارلەمان)، کە لە ئیسرائیل بە (کێنیسێت) ناودەبرێت. لە 120 کورسی پێک هاتووە و ئەو حزبە سیاسییەی رێژەی 3.25% بهێنێت دەتوانێت بەشداری لە کێنیسێتدا بکات، هەر بۆیە ژمارەی ئەو پارتانەی خاوەن کورسین، زۆرن و تاکوو ئێستا تەنیا یەک جار حزبێک توانیویەتی 61 کورسی بهێنێت و بەتەنیا حکومەت بەڕێوە ببات. لەبەر ئەوە حکومەتەکان هەموویان بە شێوەی هاوپەیمانیی چەند حزبێک پێک هێنراون، کە هەموو چوار ساڵێک هەڵدەبژێردرێن و زۆربەی جار ماوەیان کەمتر بووە بەهۆی هەڵوەشاندنەوەیان. 

لە کێنیسێتی ئێستادا، 11 حزب بە 72 کورسی بەشداری حکومەتن و گەورەترین کوتلەیان لە حزبی لیکۆدە بە 36 کورسی، کە نەتەنیاهۆ سەرۆکی ئەم حزبەیە، هەروەها ئۆپۆزسیۆن لە 15 حزب پێک هاتووە و ژمارەی کورسییەکانیان 48 کورسییە، عەرەبیش 14 کورسییان لە کێنیسێتدا هەیە. 

کێنیسێت؛ یاساکان دەر دەکات، سەرۆک و سەرۆکوەزیران هەڵدەبژێرێت و متمانە بە وەزیرەکان دەدات. لەبەر ئەوەی کێنیسێت سەرۆکوەزیر رادەسپێرێت بۆ پێکهێنانی حکومەت، مەرج نییە لە گەورەترین حزب بێت. 

کێنیسێت دەتوانێت خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەها هەردوو دەسەڵاتەکەی تریش ئەو دەسەڵاتەیان هەیە.

دەسەڵاتی جێبەجێکردن: پێک هاتووە لە: سەرۆکی وڵات، کە دەسەڵاتەکانی تەشریفییە و هیچ رۆڵێکی نییە لە سیاسەتی دەوڵەتدا. بۆ حەوت ساڵ هەڵدەبژێردرێت و دووبارە نابێتەوە. سەرۆکی ئێستا لە 2ی حوزەیرانی 2021وە ئیسحاق هێرزۆگە.

سەرۆکوەزیران، رۆڵێکی کاریگەری هەیە و بەڕێوەبردنی سیاسەتی وڵاتی لەئەستۆیە. بەهۆی ئەوەی حکومەتەکان بە هاوپەیمانیی چەند حزبێکی جیان، وەزیرەکان لە نێوان ئەو حزبانە دابەش دەکرێن. بەهۆی ئەوەی ئەو هاوپەیمانییانە زۆر جار شکست دەهێنن و دەگۆڕێن، کەم جار هەیە حکومەت بۆ چوار ساڵ بەردەوام بێت.

دەسەڵاتی دادوەری: دادگەی باڵا رۆڵی چاودێری هەیە و توانای هەڵوەشاندنەوەی کێنیسێت و کابینەی حکومەتی هەیە. دەسەڵاتی دادگەی باڵا لە چەند بەشێک پێکهاتووە: دەسەڵاتی دادوەری، ئایینی، سەربازی و کار. 

نەتەنیاهۆ، لە کاتی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2016 کە بە سەرۆکوەزیران هەڵبژێردرا، هەندێک کاری نایاسایی کردووە لەو هەڵبژاردنەدا.

لە 21ی تشرینی دووەمی 2019 داواکاری گشتیی ئیسرائیل تۆمەتی (گەندەڵی، بەرتیلوەرگرتن و خیانەتکردن لە ئەمانەت)ی لە دۆسیەی ناسراو بە (1000، 2000، 4000) رووبەڕووی نەتەنیاهۆ کردەوە و لە مانگی ئایاری 2020 لە دادگە ئامادەبوو، کە یەکەم سەرۆکوەزیرانە لە کاتی دەسەڵاتدا ببرێتە بەردەم دادگە. نەتەنیاهۆ نکۆڵی کرد و رایگەیاند کە ئۆپۆزسیۆن تۆمەتی بۆ هەڵدەبەستێت.

پرۆژەیاساکەی نەتەنیاهۆ، بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵاتی دادوەرییە و گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە دەسەڵاتی دادوەریدا دروست دەکات، بۆ نموونە؛ دەسەڵاتی دادوەری، دەتوانێت یاسایەک کە لە کێنیسێتەوە یاخود لە سەرۆکوەزیرانەوە بەرز کرابێتەوە، هەڵبوەشێنێتەوە و رێگری بکات لە کارپێکردنی. ئامانجی ئەم پرۆژەیاسایە ئەوەیە ئەو دەسەڵاتە لە دەستی دەسەڵاتی دادوەری دەربهێنێت و دادگەی باڵا نەتوانێت بڕیاری کێنیسێت هەڵبوەشێنێتەوە، هەروەک چۆن لە 24ی ئازاری 2023 کێنیسێت بڕیاری دا پارێزگاری لە سەرۆکوەزیران بکات و لانەبرێت. بۆ لابردنیشی، خودی سەرۆکوەزیران خۆی بڕیار بدات، یاخود دوو لەسەر سێی حکومەتەکەی داوا بکەن. 

هەروەها پرۆژەیاساکە چەند گۆڕانکارییەکی دیکە لەخۆ دەگرێت، وەک:

- حکومەت و حزب کاریگەرییان هەبێت لەسەر هەڵبژاردنی دادوەری دادگەکان.
- کەمکردنەوەی دەسەڵاتی راوێژکاری دادوەری لە نێو حکومەت و وەزارەتەکان، رێگە بە وەزیرەکان بدرێت بۆ دانان یان لابردنی راوێژکارەکانی دادوەریی نێو وەزارەتەکەیان.
- گۆڕانکاری لە پارێزبەندیی ئەندامانی کێنیسێت و وەزیرەکان و سەرۆکوەزیران.
- گۆڕانکاری لە یاساکانی تاوانی سزاییدا بکرێت و بڕگەی (فێڵ و خیانەتکردن لە ئەمانەت) لاببرێت.

بەرەی دژ بە پرۆژەیاساکەی نەتەنیاهۆ، نەتەنیاهۆ بە دیکتاتۆر دادەنێن و پێیان وایە ئەم پرۆژەیاسایە ئەو دیموکراسیەتەی ئیسرائیلی پێ ناسراوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

 لە ئێوارەی 27ی ئازاری 2023، نەتەنیاهۆ بڕیاری هەڵپەساردنی ئەو پرۆژەیاسایەی دا تا دانیشتنی داهاتووی کێنیسێت، کە دەکەوێتە دوای جەژنەکانیان لە مانگی نیسان. ئەم دواخستنە، دوای مانگرتنی گشتی لەلایەن بەهێزترین سەندیکای کرێکاران (هیستادروت) و خۆپیشاندان و گوشاری وڵاتان بەسەر حکومەتەوە بوو، بەتایبەتی ئەمەریکا و فەرەنسا، هەروەها دوای دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری کە پشتی بزووتنەوەکانی گرتبوو و بۆ یەکەم جار لە مێژووی ئیسرائیلدا هێزی بەرگری یەدەگ مانیان گرت.

لە پاش هەڵپەساردنی پرۆژەیاساکە، سەندیکاکانیش بڕیاری وەستانی مانگرتنەکەیان دا. چاوەڕێ دەبین بزانین لە کۆتایی مانگی نیسان لە ئیسرائیل چی روو دەدات.

خ.غ
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan
Qaiwan