کوردستانی

مەسرور بارزانی: هیواخوازین رێککەوتنی بەغدا و هەرێم ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە

مەودا میدیا - سلێمانی |


مەسرور بارزانی: هیواخوازین رێککەوتنی بەغدا و هەرێم ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە
مەودا میدیا-

ئەمڕۆ چوارشەممە 5ی نیسانی 2023 ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان  بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندرێکدا رایگەیاند "لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران تیشکی خستەسەر ئەنجامی شاندی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆک وەزیران بۆ بەغدا و واژۆکردنی رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان".

ئاماژە بەوەکراوە "سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوە دا کە ئەم ڕێککەوتنە، دەسکەوتێکی گرنگە و هەنگاوێکی دیکەیە بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ، سەرۆک وەزیران دەستخۆشی لە سەرۆک وەزیرانی فیدرال محەمەد شیاع سودانی کرد بۆ هەوڵ و کاکردنی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵ".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە "سەرۆک وەزیران روونیشیکردەوە، دوای ئەوەی لە ساڵانی رابردوو، بەرپرسانی حکومەتی فیدرال، مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانیان بڕی، هەرێمی کوردستان ناچاربوو نەوت هەناردە بکات و رێکارەکانی هەناردەکردنی نەوتیش یاسایی و دەستووری بوون و لە چوارچێوەی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان ، حکومەتی هەرێم نەوتی هەناردە کرد".

مەسرور بارزانی هیوای خواست، رێککەوتنەکە وەکو خۆی و لە نزیکترین کاتدا جێبەجێ بکرێت و ببێتە بنەمایەکی باش بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ئامادەکردنی پرۆژە یاسای نەوت و گازی فیدراڵی.

هەر بە گوێرەی راگەیەندراوەکە، لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، ڤالا فەرید، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی، پوختەیەکيان دەربارەی ئامانج و پێکهاتە و تایبەتمەندییەکانی پرۆژە یاسای (وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان) خستەڕوو.

ئاماژە بەوەکراوە، ئامانج لەم پرۆژە یاسایە، باشترکردن و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری تەندروستی و چاکسازیکردنە لە سیستەمی تەندروستی لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و رێکخستنەوەی رێکارەکانی کارکردن لە کەرتی گشتی و تایبەت و رەچاوکردنی مافی نەخۆش.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوای خستنەڕووی چەندین تێبینی و سەرنج لە سەرپڕۆژە یاساکە ، بڕیاردرا پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکەدا بکرێتەوە و بە لەبەرچاوگرتنی تێبینی و سەرنجەکان و بە ئاراستەی زیاتری دەوڵەمەندکردنی پرۆژە یاساکە، بۆ ئەوەی لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجومەنی وەزیران پەسەند بکرێت.

بڕگەی کۆتایی کۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی بابەتی بەرزی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان لە بازاڕ سەرەڕای دابەزینی بەهای دۆلار بەرانبەر دیناری عیراقی و چۆنیەتی چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی گرانی نرخ لە بازاڕەکاندا.

لەمبارەیەوە رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری پەیوەندیدارەکان، روونکردنەوە و زانیاری و راسپاردەی پێویستیان بۆ کۆنترۆڵکردنی بازاڕەکان و نرخی کاڵاکان و کەمکردنەوەی بارگرانی لە سەر گوزەرانی هاوڵاتییان خستەڕوو. 

س.ر
Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا


News

خاڵە بەهێز و لاوازەکانی ژنان لە شوێنی کاردا

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

شەهید لەیلا قاسم؛ بووكی كوردستان

لەلایەن زوڵفان غەریب


News

نەسرین قاسملۆ؛ تەوارێکی کوردپەروەر

لەلایەن زوڵفان غەریب