کوردستانی
روونکردنەوەیەک لەبارەی ئۆتۆمبێلی جۆری تۆیۆتا کراون (مەلیکە)وە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لەبارەی تۆمارکردن و پێدانی ژمارە به ئۆتۆمبێلی جۆری مەلیکە روونکردنەوە دەدات و دەڵێت "ئەو ئۆتومبێلانە نەکڕن".
فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایگەیاند "لە هەندێک پلاتفۆرمی تۆڕی کۆمەڵایەتی (بە تایبەت لە تیک تۆک) هەندێ ڤیدیۆی دروستکراو بۆ سەرلێشێواندن بڵاوکراوەتەوە گوایە ئۆتۆمبێلی تویوتا کراون (ناسراو بە مەلیکە) تۆمارکراوە و ژمارەی پێدراوە".
بۆ ئەم مەبەستە مەودا میدیا پەیوەندی کرد بە ئومێد محەمەد، نوێنەری ئۆتۆمبێلە بێ سەرەتاکانەوە وتی "ئەو هاوڵاتییانەی دەچنە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بۆ سۆنەر کردنی ئۆتۆمبێلەکانیان، دەبێت بچنە گۆڕەپانێکەوە کە کاری سۆنەر و ژمارەپێدانی ئۆتۆمبێلە ئاساییەکانیش هەر لەوێیە".
باسی لەوەشکرد "ئەو گەنجانەی چوونەتە ناو گۆڕەپانەکەوە، چوون بە یارمەتی ژمارەیەکیان لەو کەسانە وەرگرتووە کە ئۆتۆمبێلەکانیان تازە داخڵکراوە و هیچ کێشەیەکی نییە یاخود ژمارەی بۆ کراوە، پێش بەستنی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی ئەو کەسانەی کە ژمارەیان بۆ ئۆتۆمبێلە ئاساییەکانیان وەرگرتووە و بە یاسایی هاتوونەتە ناو هەرێمی کوردستانەوە، ئەمان ڤیدیۆیەکیان کردووە کە دەڵێن ئەمڕۆ ژمارەمان وەرگرتووە بۆ ئۆتۆمبێلەکانمان کە لە جۆری تۆیۆتا کراون (مەلیکە) یە".
ئەوەشی خستەڕوو "ڤیدیۆیەکی ئێجگار زۆر لە تیکتۆک بڵاوکراوەتەوە کە وادەردەکەوێت ئۆتۆمبێلەکانی جۆری تۆیۆتا کراون (مەلیکە) ژمارەی پێدراوە و کێشەی نییە، بەم هۆیەوە هاتوچۆی هەولێر ئەم روونکردنەوەیەی بڵاو کردووەتەوە و ئەو کەسانەی ئەم ڤیدیۆیانەیان کردووە و ژمارەیان پیشانداوە لەسەر ئۆتۆمبێلەکانیان، دوورە لە راستییەوە و شتی وا نەبووە".
وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد "ئەو پرۆسەیەی لە بەڕێوەبەرایەتیمان بەرێوەدەچێت تەنیا پشکنینە بە ئامێری سکانەر و هیچ ئۆتۆمبێلێک ژمارەی پێنەدراوە و هیچ بڕیارێکی نوێش دەربارەی ئەو ئۆتۆمبێلانە نییە، داوا لە هاوڵاتییان دەکەین بە وریاییەوە مامەڵە بکەن و سەرمایەی خۆیان لەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە بەفیڕۆ نەدەن کە مەرجەکانی سەلامەتییان تێدا نییە و تۆمار ناکرێن".
بیروڕا


