کوردستانی

لەبارەی بودجە زەبەلاحەکەی حکومەتی هەرێم و رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی بودجە زەبەلاحەکەی حکومەتی هەرێم و رێککەوتنەکەی لەگەڵ بەغدا
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان 

ئەندامێکی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت دەمێکە وەک یەکێتی هاوار دەکەین کە نەوت قوتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە، ئاماژە بەوەشدەکات تاوەکو ئێستا نەتوانراوە بۆ خزمەتی خەڵک بەکاربهێنرێت.

میقداد شێخ بەهادین، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند "گەر بێت و پرسیار لە هاوڵاتییان بکەیت کە ئایا نەوت لەژێر دەستی حکومەتی کوردستان بێت یاخود بەغدا، ئەوا %95ی هاوڵاتییان دەیانەوێت رادەستی بەغدا بکرێتەوە".

ئەوەشی خستەڕوو "نەوت کوردستانی کرد بە دوو بەشەوە، داهاتەکەی بۆ هەندێک ناوچە خەرجکراوە و بەشێکی دیکەیشی هیچ سوودێکییان لە نەوت نەبینیوە، ئەمەی ئێستاش روویداوە رێککەوتن نییە و خودی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ناچاری رۆشتووەتە بەغدا بۆ واژۆکردن".

باسی لەوەشکرد "نەوت بۆ هەتاهەتایە لە دەستی حکومەتی هەرێم دەرچوو، ئەگەریش حکومەتی هەرێم پابەند نەبێت بەو رێککەوتننامەیەوە، مووچەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەکەوێتە مەترسییەوە و دەبێت پابەندبن بەو رێککەوتنەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی یەکێتی وتیشی "دوای ئەم رێککەوتنە هەرێمی کوردستان دەبوژێتەوە و نەوت بە قاچاغبردن کۆتایی دێت و سوتەمەنی لە کوردستان هەرزان دەبێتەوە".

لە درێژەی قسەکانیدا "ئەو بودجەیەی کە بەر هەرێمی کوردستان دەکەوێت 16 ترلیۆن و 600 ملیار دینارە، کە بودجەیەکی زەبەلاحە و دامەزراندن و خزمەتگوزارییەکان هەموو ناوچەکانی هەرێم دەگرێتەوە لەمەودا".

رۆژی 4ی نیسانی 2023 مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عیراق کۆبووەوە، دواتر رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە واژۆکرا.
Qaiwan
Qaiwan