کوردستانی
مەترسی پڕبوون لەسەر بەنداوی دەربەندیخان ماوە؟
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان رایدەگەیەنێت کە دوای ئەوەی ماوەی رابردوو بارانێکی زۆر باش باری و بەشێکی زۆری بەنداوەکەمان پڕبووەوە، هیچ مەترسییەک لەسەر بەنداوەکە نییە ئەگەر سەرڕێژیش ببێت.
سامان ئیسماعیل، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە مەودا میدیای راگەیاند "بەنداوی دەربەندیخان لە دوای رۆژی 8ی ئازاری ئەمساڵەوە بارانێکی زۆر رووی تێکردووە، لە ناو بەنداوەکەشدا بڕی باران گەیشتووەتە 533 ملیمەتر، کە 185 ملیمەتری زیاترە لە ساڵی رابردوو".
باسی لەوەشکرد "وەک رێژەی ئاو لەناو بەنداوەکەدا نزیکەی شەش مەتری لە ساڵی رابردوو زیاترە، ئەم بڕە بە بەراورد بە چەند ساڵی رابردوو کە وشکەساڵی بووە زۆر باشە و لە ئێستادا %54ی بەنداوەکە پڕە لە ئاو و بە نزیکەیی %46ی بەتاڵە".
ئەوەش خستەڕوو "دوای بوومەلەرزەکەی ساڵی 2017 زیان بەر بەنداوەکە کەوت و دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەی تەواو لەلایەن چەندین تیمەوە، بۆمان دەرکەوت کە هیچ زیانێکی ترسناک لەسەر بەنداوەکە نییە و زەبری گەورە بەر شوێنە گرنگەکانی بەنداوەکەمان نەگەیشتووە".
بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان وتیشی "بەڵگە بۆ سەلامەتی بەنداوەکە ئەوەیە کە ساڵی 2019 بە تەواوەتی رێژەی عەمبارکردنی ئاو گەیشتە پڕبوون و هیچ کێشەیەکیشی نەبوو، بەڵام دەبێت بە بەردەوامیی ئاگامان لێیبێت و چاکسازی تێدا بکەین، جەختیشی کردەوە کە گەر ئەمساڵ بارانی باشتر ببارێت و بگاتە بەنداوەکە هەوڵدەدەین کە دووبارە سەرڕێژی بکەین بەبێ کێشە".
لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە بەنداوەکە ئاماژەی بەوەدا "ئەو رێگرییە کانزاییانەی لە نزیک بەنداوەکە هەیە ئێستا قرتاوە و تاوەکو ئێستا چاکنەکراوەتەوە، کاتی خۆی بۆ لایەنی ئەمنی دانراوە و هەوڵی زۆرمان داوە بۆ چاککردنەوەی بەڵام لەبەر زۆری تێچوو، نەمانتوانیوە چاکی بکەینەوە و میکانزمی باشترمان بۆداناوە کە بە رێگایەکی ئاسانتر چاکیبکەینەوە".
بیروڕا


