کوردستانی
گەشتوگوزاری سلێمانی: زیاتر لە حەوت ملیۆن دۆلار داهاتی رۆژانی جەژن بووە
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا -
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی رایدەگەیەنێت داهاتی رۆژانی جەژنی پارێزگای سلێمانی 7,5 ملیۆن دۆلاربووە و لە رۆژانی داهاتووشدا زیاتر دەبێت.
ئەمڕۆ 24ی نیسانی 2023 ئارام شوانی، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی رایگەیاند "لە سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا 75 هەزار گەشتیار روویان لە سلێمانی و ناوچە گەشتیارییەکان کردووە و واش پێشبینی دەکەین لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا بگاتە نزیکەی 100 هەزار گەشتیار".
باسی لەوەشکردووە "زۆرترین شوێن کە سوودمەندبوون لە گەشتیارەکان هۆتێل و رێستۆرانت و مۆڵەکان بوون، %90ی گەشتیارەکانیش خەڵکی ناوەڕاست و باشووری عیراق بوون".
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سلێمانی وتیشی "داهاتی ئەو گەشتیارانەی کە هاتوونەتە پارێزگاکە نزیکەی حەوت ملیۆن و 500 هەزار دۆلارە، لە ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی گەشتیارانیشدا بۆ 100 هەزار کەس لە کۆتایی هەفتەدا، ئەم ئامارە بەرز دەبێتەوە بۆ 10 ملیۆن دۆلار، چونکە وا مەزەندەی دەکەین کە بە گشتیی هەر گەشتیارێک لە گەشتەکەیدا بۆ پارێزگای سلێمانی 100 دۆلار خەرجدەکات".
ر.ع
بیروڕا


