کوردستانی
بۆ كۆنترۆڵكردنی چەكی بێ مۆڵەت، وەزارەتی ناوخۆ هەنگاوی نوێ دەنێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
بە نووسراوێكی وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم تایبەت بە كۆنترۆڵكردنی چەكی بێ مۆڵەت و دیاردەی چەكداریی هەنگاوی نوێ دەنێت و داوا لە سەرجەم پارت و هێزە سیاسییەكان و هاوڵاتیان بە گشتیی دەكات هاوكاربن لە رووبەڕووبوونەوەی دیاردەكە.
لە راگەیەندراوێكیدا وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە 25ی نیسانی 2023 بڵاویكردەوە، بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەکی بێ مۆڵەت و دیاردەی چەکداریی هەنگاوی نوێ دەگرێتەبەر و داوا لە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان و هاوڵاتیان دەكات هاوكاربن لە كۆنترۆڵكردنی چەك و دیاردەی چەكداریی.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە "بە واژۆی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان وەزارەتی ناوخۆ بە نوسراوی ژمارە 10338 لە 25ی نیسانی 2023 بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی چەک و دیاردەی چەکداری، لە ڕێی چەند خاڵێکەوە داوای هاوکاری و هەماهەنگی لە پارت و هێزە سیاسییە مۆڵەتدراوەکانی کوردستان دەکات".
ئاماژە بەوەشكراوە، وەزیر ناوخۆ لەو نوسراوەدا داوا لە هێز و لایەنە سیاسییەکان دەكات دەزگاكانی راگەیاندنیان بۆ هەڵمەتی هۆشیاریی ئەندامانیان و هاوڵاتیان بخەنەگەڕ هەتا چەک لە ماڵەکاندا نەبێت و کەس چەکی بێ مۆڵەت هەڵنەگرێت، هاوكات لە هەمان نووسراوی وەزیری ناوخۆدا داواکراوە هیچ حزبێک لە هیچ بۆنەیەکدا چەک وەک دیاری نەبەخشێتە ئەندام و لایەنگرانی خۆی.
هەر لە ناوەرۆكی نووسراوەكەدا داواکراوە پارت و هێزە سیاسییەكان لە بارەگانیان کۆگا دروستبکەن هەتا پاسەوانی بارەگاکانیان لە دوای دەوام چەک نەبەنەوە ماڵەوە، ئاماژەی بەوەشکردووە "بە جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە، زەمینەیەکی باشتر بۆ کۆمەڵگەی کوردستان بۆ کۆنترۆڵکردنی چەک و کەمکردنەوەی دیاردەی چەکداریی دروستدەبێت، دواجاریش ئەمە دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی دەرفەتی تاوان و توندوتیژی، ئەمەش بە سوودی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان تەواودەبێت.
بیروڕا


