کوردستانی

دوایین زانیاری لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی

مەودا میدیا - سلێمانی |


دوایین زانیاری لەبارەی رووداوی تەقەکردنەکەی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی
مەودا میدیا-

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 26ی نیسانی 2023 دوو کەس  هەڵیانکوتاوەتە سەر نەخۆشخانەى د. جەمال ئەحمەد رەشیدى منداڵانى سلێمانی و تەقەیانکردووە.

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند "دوای ئەوەی کاتژمێر 10:30 خولەکی شەوی رابردوو دوو كەس کە لەژێر کاریگەری مادە کھولییەکاندا بوون و دەیانویست سەردانی منداڵێك لە نەخۆشخانەی منداڵان بکەن، بەڵام لەلایەن پۆلیس و کارمەندی پرسگەی نەخۆشخانەكەوە رێگرییان لێکراو ڕێنمایی کران کە وادەی سەردانیکردنی نەخۆش کۆتاییھاتووەو منداڵە نەخۆشەکە دایک و باوکی لەلایە و پێویست ناکات ئەوان بچنە لای، بەڵام کاتژمێر 1:30 خولەک تۆمەتبارەکان دەگەڕێنەوە بۆ نەخۆشخانەکەو تەقە لە پۆلیسێک و كارمەندێکی پرسگەی نەخۆشخانەکە دەكەن و برینداریان دەكەن".

ئاماژە بەوەشکراوە "دەستبەجێ مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی فریاکەوتن گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکەو تۆمەتباری سەرەکی کە تەقەی کردبوو دەستگیرکراو ئەو کەسەی کە لەگەڵیدا بوو ھەڵات، توانرا لەماوەیەكی كەمدا تۆمەتبارەکەی تریش دەستگیربکرێت و دەستیشبگیرێت بەسەر چەكێكی جۆری دەمانچە كە تۆمەتبار تەقەی پێكردبوو".

ئەوەشخراوەتەڕوو "لەئێستادا هەریەك لە تۆمەتباران، (ش، خ، أ) لەدایکبووی 1985 و (ئ، خ، م) لەدایکبووی 2003 بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی  232 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە، لەئێستادا ھەردوو برینداری رووداوەکە لەنەخۆشخانەن و چارەسەری پزیشكی وەردەگرن و دۆخی تەندروستییان جێگیرە".


س.ر
Qaiwan
Qaiwan