گێتی

"ئیتر دیلی ئۆکرانیمان نابێت، هەموویان دەکوژین"، هەڕەشەیەک لە ڤاگنەری رووسییەوە

مەودا میدیا - سلێمانی |


"ئیتر دیلی ئۆکرانیمان نابێت، هەموویان دەکوژین"، هەڕەشەیەک لە ڤاگنەری رووسییەوە
مەودا میدیا-

جەنگی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا بەردەوامە و میدیاکانی جیهان ئاماژە بەوەدەكەن، لەمیانی ئەو جەنگەدا كە نزیک  لە دوو ساڵە بەردەوامیی هەیە، بێشومار تاوانی جەنگیی روویانداوە و لە كۆتا پێشهاتیشدا دوو لە بەرپرسە سەربازییەكانی پێشووی گرووپی ڤاگنەری نیمچەسەربازیی سەر بە سوپای رووسیا دانیانناوە بە ژمارەیەكی زۆر تاوانی جەنگیی دژ بە دانیشتوانی ئۆكرانیا كە تەنانەت بەرانبەر منداڵانیش ئەنجامیانداوە، سەرۆكی ئەو گرووپە چەكدارییەش هەڕەشەی كوشتنی تەواوی دیلەكان دەكات و دەڵێت "كەس بە زیندوویی ناهێڵینەوە".

رێكەوتی 24ی نیسانی 2023 لەمیانی پەیامێكی دەنگیدا ییڤگێنی پریگۆژین، بەرپرسی هێزە چەكدارەكانی ڤاگنەر بۆ ئەو گرووپە چەكدارییەی كە نیمچەسەربازین و سەر بە سوپای رووسیان وتی "لە مەیدانی جەنگدا هەمووان دەكوژین، چیدی بەند و دیل ناهێڵینەوە و كێ بێتە سەرڕێمان دەیكوژین".

لەو پەیامە دەنگییەیدا كە نووسینگە رۆژنامەنووسییەكەی پریگۆژین لە تۆڕی پەیوەندیی تێلێگرام بڵاویكردووەتەوە هاتووە "زۆر بە سادەیی، هەمووان لە مەیدانی جەنگدا دەكوژین، چیدی دیل وەرناگرین لە جەنگدا"، ئەو وتانەش وەك وەڵام بوو بۆ نامەیەكی دیكەی دەنگیی ئۆكرانیا كە پێشتر لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تێلێگرام بڵاوكراوەتەوە و تێیدا بەدوای بریندارانی گرووپی چەكداریی ڤاگنەردا دەگەڕێن بەمەبەستی ئەوەی "لە تۆڵەدا بیانكوژن".

لەلایەكی دیكەوە لە ناوەڕاستی نیسانی ئەمساڵدا، دوو هاوڵاتیی رووسیی كە بەپێی وتەی خۆیان پێشتر بەرپرسی سەربازیی بوون لە هێزەكانی ڤاگنەر، دانیان بەوەداناوە "ئەو هێزە چەكدارانە لە جەنگی دژ بە ئۆكرانیا تاوانی جەنگییان ئەنجامداوە، تەنانەت منداڵانیش لەو تاوانانەدا بوونەتە قوربانیی"، ئاماژەیان بەوەشكردووە، لەمیانی ئەو جەنگەدا بەشێكی زۆر لە قوربانیانی هێزەكانی ڤاگنەر كەسانی سیڤیل و بێچەك بوون.

ئازمات ئوڵدارۆڤ لەگەڵ ئاڵێكسێی ساڤیچێڤ، ئەو دوو هاوڵاتییە رووسییەن كە لەمیانی چاوپێكەوتنێكی ڤیدیۆییدا لەگەڵ رێكخراوێكی مافی مرۆڤ ئاشكرایانكردووە، پێشتر لە روسیا بەندبوون و بە تاوانبار لەقەڵەمدراون، بەڵام دواتر بە فەرمانێكی لێخۆشبوونی سەرۆكایەتیی وڵاتەكەیان لەمیانی رێوڕەسمی سەرۆكایەتیی رووسیا ساڵی رابردوو ئازادكراون.

ئوڵدارۆڤ لەو چاوپێكەوتنەدا بە روونی دەڵێت " فەرمانی لە پریگۆژین، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی ڤاگنەر وەرگرتووە بەمەبەستی پاككردنەوەی هەریەك لە ناوچەكانی سۆلێدار و باخموت، بەو واتایەی هەمووان لە مەیدانەكەدا بكوژن"، لەلایەكی دیكەوە ساڤیچێڤ دانیبەوەداناوە نزیكەی 30 بۆمبی دەستیی خستووەتە ناو چاڵێكەوە كە نزیكەی 50 بۆ 60 برینداری هەڵهاتووی ئۆكرانیی تێدابووە و ئەو ئۆكرانییانە لە هێزەكانی ڤاگنەرهەڵهاتوون، بەپێی وتەی خۆی "ئەو پێویستبووە فەرمانەكە جێبەجێبكات و بڕوات جەستەی گەرم بكاتەوە، چونكە كەشەكە زۆر سارد بووە".

لە وتەكانی ئەو دوو بەرپرسە سەربازییەی پێشووی ڤاگنەردا باس لەوەشكراوە سەدان هاوڵاتیی سیڤیل و بێچەك لەلایەن ڤاگنەرەوە لە ژێرزەمینێكدا كوژراون، دەیانی دیكەشیان لە ناوچە جیاوازەكان كوشتووە و لەناویاندا منداڵ هەبووە، كە بە گەڕانەوە بۆ وتەكانی خۆیان "ئەوەی باسیان كردووە تەنها %10ی رووداوەكانە".

یەك رۆژ دوای ئەو چاوپێكەوتنە، ییڤگێنی پریگۆژین، سەرۆكی هێزە چەكدارەكانی ڤاگنەر وتەی ئەو دوو بەرپرسەی پێشووی نێو هێزەكانی ڤاگنەری بە ناڕاست لەقەڵەمدا و رایگەیاند "هەرگیز هێزەكانی ئازاری منداڵانیان نەداوە و كاری لەو شێوەیەش ئەنجامنادەن".

وەك بەهانەیەكیش بۆ وتەكانی ئەمدواییەی سەبارەت بە (پاككردنەوەی مەیدانی جەنگ و كوشتنی هەمووان) پریگۆژین لە درێژەی پەیامەكەیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە "كییڤ یاسای نێودەوڵەتیی پێشێلكردووە، بەهۆی ئەوەی لەكاتێكدا دیل دەبێت ئاسایشی پارێزراوبێت و رێزی لێبگیرێت، بەڵام ئۆكرانیا بەپێچەوانەوە هەڵسوكەوتی لەگەڵ دیلە رووسییەكاندا كردووە" و لەئەنجامدا بەو بڕیارە گەیشتووە "ئەوان چیدی دیل وەرناگرن و كێ لە مەیدانی جەنگ بێت دەیكوژن". 

گرووپی ڤاگنەر لە جەنگی رووسیا- ئۆكرانیادا و بە دیاریكراوی لەمیانی هێرشی رووسیا بۆ سەر شاری باخموتی رۆژهەڵاتی ئۆكرانیا، لە ریزی پێشەوەی جەنگدایە كە یەكێكە لە توندئاژۆترین پێكدادانی جەنگیی لەئێستادا، ئەو گرووپە بەوە تۆمەتباردەكرێت كە چەكدارەكانی وەك (سووتەمەنیی جەنگ) بەكاردەهێنێت، زۆرینەی چەكدارەكانیشی تۆمەتبارانی ناو بەندیخانەكانی رووسیان و دژ بە ئۆكرانیا لە زیندانەوە هێندراونەتە مەیدانی جەنگ.

خ.غ

Qaiwan
Qaiwan

زۆرترین خوێندنەوە

بیروڕا



News

خاک و هۆکارەکانی پیسبوونی

لەلایەن نەرمین عوسمان


News

ئاماژەکانی ئەدای ژینگەیی

لەلایەن نەرمین عوسمان