کوردستانی

"هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە"

مەودا میدیا - سلێمانی |


"هیچ ئامادەکارییەک بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نەکراوە"
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان 
 
جێگری سەرۆکی فرۆکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەهۆی کارانەکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە.
 
ئەمڕۆ سێشەممە 2ی ئایاری 2023 بەڵێن ئیسماعیل، جێگری سەرۆکی فرۆکسیۆنی گۆڕان بە مەودا میدیای راگەیاند "بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هیچ ئامادەکارییەک نەکراوە و کۆسپی سەرەکیش بۆ ئەمە، کارا نەکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانە".
 
باسی لەوەشکردووە "راستە ئەو لیژنەیە کارەکانی تەواوکردووە بۆ وەرگرتنی سیڤی و ئەو کەسانەی دەیانەوێت ببن بە ئەندامی ئەنجومەنی کۆمیسیاران، بەڵام بەهۆی ئەوە تاوەکو ئێستا پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی ئەنجام نەداوە، بەوهۆیەی کاراکردنی کۆمیسیۆن و گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکان بە یەک پاکێج دەچێتە ناو پەرلەمانەوە".
 
وتیشی "بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانەوە لەسەر یاساکە، کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان نەخراوەتە ناو بەرنامەی کارەوە، بۆیە لەئێستادا هیچ ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامنەدراوە".
 
ئەوەشی خستەڕوو "کۆمیسیۆن پێویستی بە 180 رۆژ هەیە بۆ ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنەوەکان لەکاتی نەگۆڕینی یاسادا، بەڵام گەر یاسای هەڵبژاردنەکان بگۆڕدرێت ئەوا پێویستییان بە کاتێکی زیاتر هەیە و ئێستا کات لە بەرژەوەندی کۆمیسیۆن نییە".
 
لە درێژەی قسەکانیدا جەختیکردوە "سبەی دادگای فیدراڵی بڕیار لەسەر ئەو تانانە دەدات کە بە مەبەستی دواخستن و درێژکردنەوەی پەرلەمان هەیە و دەبێت لایەنەکان بەزووترین کات کار بۆ لابردنی کۆسپ و تەگەرەکان بکەن کە رێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردندا".
 
جێگری سەرۆکی فرۆکسیۆنی گۆڕان روونیکردەوە "دەبێت لە هەفتەی ئایندەدا بەگەین بە ئەنجام لەبارەی گۆرانکاریی یاسای هەڵبژاردنەکانەوە بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە کار و ئامادەکارییەکان بکاتەوە".
Qaiwan
Qaiwan