کوردستانی

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان: بێئومێد بووین لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن

مەودا میدیا - سلێمانی |


فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان: بێئومێد بووین لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن
مەودا میدیا-

سەبارەت بە كاراكردنەوەی كۆمسیۆن و داوای یاسایی تۆماركردنیان لەسەر پەرلەمانی كوردستان، فراكسیۆنی یەكێتی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و  جێگری سەرۆكی فراكسیۆنەكە رایگەیاند " بێئومێد بوون لە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن".

لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی ئایاری 2023 لەمیانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند "پەنادەبەین بۆ دادگای فیدراڵی بەمەبەستی گەیاندنی داواكاریمان سەبارەت بە هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم"، وتیشی "فراكسیۆنی یەكێتی لەگەڵ ئەودایە لەكاتی خۆیدا هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد "پێشتر لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان رێككەوتوون كاربكەن بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بەڵام پارتی بە هەموو شێوەیەك و راستەوخۆ رەتیكردووەتەوە ئەو كارە ئەنجامبدرێت".

جەختیشیكردەوە، فراكسیۆنی یەكێتی پێشتریش لە سەرجەم كۆبوونەوەكانیاندا لەگەڵ پارتی هەمیشە داوای هەمواری یاسای هەڵبژاردنی كردووە، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە ئەو داواكارییەی رەتكردووەتەوە.

باسی لەوەشكرد "سەرەنجام فراكسیۆنەكەیان لەگەڵ هەریەك لە فراكسیۆنەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، كۆمەڵی دادگەری، نەوەی نوێ و پەرلەمانتارانی سەربەخۆ رێككەوتوون لەسەر پرۆژەیاسایەك بۆ هەمواری یاسای هەڵبژاردن بە واژۆی سەرجەم پەرلەمانتارانی ئەو فراكسیۆنانەی ئاماژەیان پێكرا، هاوكات فراكسیۆنی گۆڕانیش بەتەنها پرۆژەیاسایەكی هاوشێوەی پێشكەشكردووە".

جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان روونیشیكردەوە "داوایان لە فراكسیۆنی پارتی كردووە هاوكاربن لەو پرۆژە یاسایە، بەڵام فراكسیۆنی پاراتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا هەڕەشەی بەكارهێنانی زۆرینەی پەرلەمانیی كرد بە 11 كورسیی پێكهاتەكانەوە و ئەوەش ململانێی هێزە سیاسییەكانی قووڵتركردەوە".

لە كۆتایی وتەكانیدا لوقمان وەردی بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، لێكەوتەی هەموارنەكردنەوەی پرۆژەیاسای هەڵبژاردن ئەوەیە پرۆژە یاسای بودجە نۆ ساڵە ناچێتە پەرلەمان و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی دابەشكردنی داهات هاوسەنگ نەبێت لەناو شار و ناوچە جیاوازەكان و گەمارۆی ئابووری لەسەر پارێزگای سلێمانی و ئیدارەكانی تووندتركرا".

ئەوەش لەكاتێكدایە پاش درێژكردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ ساڵێك، تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی جددی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە نەنراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتوو.

ش.ع
Qaiwan
Qaiwan