کوردستانی

لە راپەڕین كچێك هێرشدەكاتە سەر گەنجێك و بە چەقۆ دەیكوژێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لە راپەڕین كچێك هێرشدەكاتە سەر گەنجێك و بە چەقۆ دەیكوژێت
 مەودا میدیا-

کچێکی تەمەن 17 ساڵ لە راپەڕین و بە دیاریكراوی لە ناحیەی ژاراوە، بە چەقۆ هێرشیکردە سەر گەنجێك و پاش گەیاندنی بریندارەكە بە نەخۆشخانە گیانی سپارد.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 4ی ئایاری 2023 بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دوای ئەوەی هێزەكانیان لە بنکەی پۆلیسی ناحیەی ژاراوە سەر بە قەزای پشدەر ئاگادارکرانەوە بە بوونی بریندارێک لە بازاڕی ناحیەی ژاراوە دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دەرکەوتووە کەسێک بەناوی (م،م،و) لەدایکبووی ساڵی 1988 دانیشتوی ژاراوە کە دۆخی دەروونیی ناجێگیرە برینداربووە.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە "شوێنەواری برینی چەقۆ بەسەر سنگیی بریندارەكەوە هەبووە و باری تەندروستی ناجێگیر بووە لەكاتی گەیشتنی تیمەكانیان بە شوێنی مەبەست، بۆیە دەستبەجێ گەیەندرایە نەخۆشخانەی قەڵادزێ، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە بریندارەكە گیانیلەدەستداوە".

باس لەوەشكراوە، پاش گرتنەبەری رێکاری یاسایی و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە بۆیان روونبووەتەوە کچێک بەناوی (د،ع،خ) لەدایکبووی ساڵی 2006 كە دانیشتووی ژاراوەیە بەچەقۆ برینداری کردووە".

هاوكات بەپێی ناوەرۆكی راگەیەندراوەكە، دوای ئەوەی تۆمەتبار دەستگیرکرا و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدراوە، لەبەردەمی پۆلیس بە وتەی خۆی، کاتێک لە دوکانەکەیان کە دوکانی شوشەوات بووە و لەبری باوکی لە دوکان بووە (م،م،و) هاتۆتە دوکانەکەیان و ویستویەتی دەستدرێژی بکاتەسەری، ئەویش بە مەبەستی بەرگریکردن لەخۆی بە چەقۆ لێیداوە و برینداری کردووە".

هەر لە راگەیەندراوەکەی پۆلیسی راپەریندا هاتووە، "تەرمی (م،م،و) لە ئێستادا بەڕێکراوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بە مەبەستی ئەنجامدانی توێکاری بۆتەرمەکەی و زانینی هۆکاری راستەقینەی مردنەکەی".

ژ.ع
Qaiwan
Qaiwan