کوردستانی
بەهۆی نەوتنەوەی گۆرانییەك، سترانبێژێكی كورد لە توركیا دەكوژرێت
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا-
پاش ئەوەی داوای لێدەكرێت گۆرانییەك بۆ توركیا بڵێت و داواكارییەكە دوادەخات، گەنجێكی كورد كە گۆرانیبێژی سەرشەقامە لەلایەن نەژادپەرستێكی توركەوە بە چەقۆ دەكوژرێت و دەكەوێتە ناو دەریاوە.
هەواڵەكە میدیای جیهانی تەنیوە، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە 3ی ئایاری 2023 لە كەناراوێكی ئیستانبوڵ روویداوە و تێیدا میوزیكزانێكی كورد كە تەمەنی تەنها 30 ساڵە بە چەقۆ كوژراوە و ئەوەش تەنها لەبەر دواخستنی داواكارییەك بۆ بچڕینی گۆرانییەك (تایبەت بە توركیا).
بەپێی ئاژانسەكانی هەواڵ، ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە لەمیانی سەرقاڵبوونی بە پێشكەشكردنی گۆرانی بۆ پیادەڕەوان و گەشتیارانی كەناراوەكانی كادیكیۆی لە ئیستانبوڵ، جیهان ئایماز-ی تەمەن 30 ساڵ لەلایەن گەنجێكی دیكەی بە نەژاد توركەوە داوای لێكراوە گۆرانی "دەمرم بۆت توركیا" بڵێت، ئایماز پێی راگەیاندووە "لەبەر ئەوەی داواكاریی دیكە هەیە دواتر ئەو گۆرانییە دەڵێت".
شایەتحاڵانی رووداوەكە دەڵێن "گەنجە توركەكە نەوەستاوە و دەستبەجێ بە چەقۆ هێرشیكردووەتە سەر ئایماز و تەواوی سنگی بە چەقۆ تەنیوە لە نێوەندی هێرشەكەشدا ئایماز كەوتووەتە ناو زەریاكە" لە گرتە ڤیدیۆییەكانیشدا دەردەكەوێت بەشێك لە ئاوی زەریاكە بە خوێنی ئایماز سووردەبێت.
وێڕای ئەوەی پاش دەرهێنانی لە زەریاكە، جیهان گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی سەختیی برینەكانییەوە لە ماوەیەكی زۆر كورتدا گیانی سپاردووە، هاوكات مێهمێت جایماز كە هێرشەكەی ئەنجامداوە خۆی فڕێداوەتە ناو ئاوەكە بەمەبەستی دەربازبوونی بەڵام هێزە ئەمنییەكان دەڵێن توانیویانە دەستگیری بكەن و لەئێستادا لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئەنجامدەدرێت.
ئەمە یەكەمجار نییە بەهۆی گوێلێگرتن یان وتنی گۆرانی كوردی، یاخود دواخستن یان رازینەبوون بە وتنەوەی گۆرانی توركی لەلایەن نەژادپەرستانی توركیا و لەناو خاكی باكووری كوردستان یان توركیا بە شێوەیەكی بێبەزەییانە گەنجانی كورد ژیانیان لێ بستێندرێت.
ژ.ع
بیروڕا


