کوردستانی

بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران چەند رێکارێک دەگیرێتەبەر

مەودا میدیا - سلێمانی |


بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران چەند رێکارێک دەگیرێتەبەر
مەودا میدیا- سازگار ئەحمەد

فەرماندەیەکی پێشمەرگە داوایەک ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق و بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی و سەرجەم بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە دەکاتت بۆ پاراستنی بەرهەمی جوتیاران لە رووداوی ئاگرکەوتنەوە، بەرپرسی بنكەی بەرگریی شارستانی كەلاریش دەڵێت "رێنمایمان ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان کردووە".

غازی فیسەڵ، فەرماندەی پێشمەرگە لە بناری قەرەچوغ رایگەیاند "وەزارەتی ناوخۆی عیراق و بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانی و سەرجەم بنکەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگادارن ساڵانە لە وەرزی دروێنەدا مەترسی ئاگرکەوتنەوە لەسەر جوتیارانی عیراق و هەرێم بە گشتی و ناوچە کێشەلەسەرەکان بە تایبەت روو لە زیادبووندایە و دەبێتە هۆکاری سووتانی بەشێک لە بەروبوومی جوتیاران و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکانیش  بەشێکیان چەکدارانی داعشن و بەشێکی دیکەشیان هۆکاری جیاجیایە".

ئاماژەی بەوەکردووە "هەموو ساڵێک لە وەرزی دروێنەدا کە کەشوهەوای ناوچەکە بەرەو گەرم بوون دەڕوات ئەم دیاردەیە دووبارە دەبێتەوەو زەرەرو زیانی گەورە بەر  بەروبوومی جوتیاران دەکەوێت، بۆیە داواکارین  بۆ سنوورەکانمان  بە هەموو قەزا و ناحیەکانیانەوە بە گشتی و سنوری قەزای مەخمور و قەزای دبس بەتایبەت  ژمارەیەک ئۆتۆمبێلی کارای ئاگرکوژێنەوە لە سەرەتای مانگی  5ی 2023  تا سەرەتای مانگی 6 ی 2023 دابین بکەن واتە ماوەی یەک مانگ  بۆ پشتیوانی کردنی جوتیارانی ناوچەکە لە هەر ئەگەرێکی ئاگرکەوتنەوە".

هەروەها ئیبراهیم محەمەد، بەرپرسی بنكەی بەرگریی شارستانیی كەلار بە مەودا میدیای راگەیاند "بە نووسراو رێنماییەکانمان داوەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی رێنمایی جوتیاران بکات بۆ پاراستنی بەرهەمەکانیان".

ئاماژەی بەوەشکرد "دەبێت جوتیاران ئاگر بڕ دروستبکەن لەنێوان دەغڵودانەکانیان و لەکاتی دوورینەوەی بەرهەمەکانیان شۆفێری دەڕاسە و ئامێرەکان بە ئاگادارییەوە کارەکانیان بکەن، هەروەها لەکاتی رووداونی هەر ئاگرێک بە زووترین کات تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە ئاگاداربکرێنەوە".

س.ر
Qaiwan
Qaiwan