کوردستانی
لەمەودوا پسوڵەی خۆراکیش دەبێت بە کارتی زیرەک
مەودا میدیا - سلێمانی |
مەودا میدیا - رۆژ عەدنان
بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە سلێمانی رایدەگەیەنێت پسووڵەی خۆراک دەبێتە کارتی زیرەک و مانگانە هاوڵاتییان لەرێگەی ئەپڵیکەیشنێکەوە ئاگاداردەکرێنەوە لە هاتنی مادە خۆراکییەکان و بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان بەسەریاندا دابەشدەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 6ی ئایاری 2023 یاسین مەحمود، بەڕێوەبەری رێكخستنی پسووڵەی خۆراك لە سلێمانی بە مەودا میدیای راگەیاند "ئەو میکانیزمەی کە پێشتر پەیڕەودەکرا رادەگیرێت و بەپێی سیستمی نوێ، مانگانە چەند مادەی خۆراکی دابەزیبێت، بەپێی ژمارەی ئەندامانی خێزان دەدرێت بە هاوڵاتییان".
باسی لەوەشکردووە "میکانزمی ئەم کارە پێویستی بە کاتێکی زۆر هەیە، دەبێت چەند تیمێک پێکبهێندرێت بۆ ئەنجامدانی ئەم کارە و بە ئەلیکترۆنیکردنی پسووڵەی خۆراکی هاوڵاتییان".
ئەوەشی خستووەتەڕوو "پێویستمان بە هێڵی ئینتەرنێت و کۆمپیتەر و کەسی شارەزا هەیە و بۆی هەیە کارەکان زیاتر لە شەش مانگی پێویستبێت بۆ تەواو کردنی".
وتوشیەتی "خێزانێکی زۆر لە پارێزگای سلێمانیدا هەن، تەنها لە پارێزگای سلێمانی 32 بنکەمان هەیە کە 11دانەی لەناو شارن و 21 لە قەزا و ناحییەکانە، لە لایەن وەزارەتی بازرگانیشەوە لە ئێستادا کاری لەسەردەکرێت".
بیروڕا


