کوردستانی

لەبارەی هێرشكردنە سەر ئەفسەرێكی پۆلیس روونكردنەوە دەدرێت

مەودا میدیا - سلێمانی |


لەبارەی هێرشكردنە سەر ئەفسەرێكی پۆلیس روونكردنەوە دەدرێت
مەودا میدیا-


سەبارەت بە هێرشكردنە سەر ئەفسەرێكی پۆلیس لەناو كامپی زانكۆی سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە روونكردنەوەیەكدا رایدەگەیەنێت "هیچ هێزێكی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی نەچووەتە ناو زانكۆ بەمەبەستی راگرتنی شەڕ و ئاڵۆزیی".

ئەمڕۆ دووشەممە 8ی ئایاری 2023، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگاری سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا روونیكردەوە "دوای ئەوەی لە چەند پەیجێک لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکان كە نازانرێت سەر بە چ كەس و لایەنێكن و  بە چ مەبەستێک كاردەكەن، هەواڵێكی ناڕاستیان بڵاوكردەوە كە گوایە لەناو زانكۆی سلێمانی شەڕ و ئاڵۆزیی دروستبووە و ھێزی تایبەتی بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی (هێزە ڕەشەكە) چوونەتە ناو زانكۆ، لێرەوە بە هەموو لایەكی رادەگەیەنین كە (هێزە رەشەكە) نەچووەتە ناو زانكۆ و هیچ شوێنێكی تر".

تایبەت بە روودای گرژیی لەناو كامپی زانكۆشدا، پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "تەنها ئەفسەرێكمان بەناوی (نەقیب هاوژین) میوان بووە لە زانكۆی سلێمانی و بانگهێشتكراوە بۆ ئاهەنگی دەرچوونی خوێندكاران و هێرشیان كردووەتە سەری، دواتریش رێكارە یاساییەكان گیراونەتەبەر.

هاوكات لە راگەیەندراوەكەیدا پۆلیسی سلێمانی داوای لە پەیج و كەناڵەكانی راگەیاندن كردووە، لە کاتی هەر رووداوێكدا بگەڕێنەوە بۆ پەیجی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی و وتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتییەكە، دەشڵێت "هەر هەواڵێك بەناوی سەرچاوە و زانیارییەوە بڵاوبكرێتەوە ئێمە ڕەتی دەكەینەوە".
Qaiwan
Qaiwan